پێشانگاى نێودەوڵەتى کشتوکاڵی سلێمانی هەلی کاری بۆ ئافرەتان ڕەخساندووە

کارەکانى پێشانگاى نێودەوڵەتى کشتوکاڵ و پیشەسازى خۆراک لە سلێمانى کۆتاى هات، لە پێشانگاکەدا خانمان بەشدارییەکى کارایان هەبوو چ وەکو بەشداربوو یاخود وەکو سەردانیکەر، خانمێکى بەشداربوو داوا دەکات کە هەلی زیاتریان پێبدرێت بۆ ئەوەى هاوشانى پیاوان ڕۆڵیان هەبێت لە بازاڕى کاردا .

چوار ڕۆژە ئەم پێشانگایە بەردەوامە، ئێرە دەرفەتێکى لەباربوو بۆ ئەوەى خانمان لە بازاڕى کاردا پەرە بە تواناکانى خۆیان دەدەن، ئارەزوو ماوەى چوار ڕۆژە لە کۆمپانیایەکى بەشدارى پێشانگاکە دەستى بەکار کردووە، ئەو بە ئومێدى ئایندەیەکى گەش دەستى بەکار کردووە، زۆریش بە کارەکەى خۆشحاڵە و داواى هەلی زیاتر دەکات بۆ ڕەخساندنى کار بۆ خانمانى دیکە.

ئارەزوو محەممەد، بەشداربووى پێشانگەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "من زۆر بڕوام بەخۆم هەیە، ئێمەش دەتوانین هاوشێوەی پیاوان کار بکەین، بۆ نموونە ئەم پێشانگایە زۆربەی زۆری ئافرەتن، گوتیشی، ئێمە دەتوانین لە دەرەوەی ئەم پێشانگایەش زیاتر لە پیاوان کاربکەین، هیوادارم کۆمپانیاکان هەلێکمان پێبدەن کە ئێمەش شان بەشانی پیاوان ئیش بکەین

ڕەخساندنى دەرفەتى کار بۆ خانمان بە لاى ڕێکخەرانى پێشانگاکەوە خالێکى بەهێزى پێشانگاکە بوو، هەر بۆیە وەزارەتى کشتوکاڵیش کار بۆ دامەزراندنى کۆمەڵەى هەرەوەزى خانمان دەکات، کە ساڵانێکە ئەو وەزارەتە بە هاوبەشى لەگەڵ رێکخراوى 'یوئێن دى پى' هەوڵ دەدات بۆ ئەوەى کۆمەڵە هەرەوەزییەکان رێکبخرێنەوە، بە جۆرێک لە گەڵ سیستمى نوێى کارکردنى جیهان بگونجێت، کە ئەمەش سودى زۆرى بۆ خانمان دەبێت.

حوسێن حەمە کەریم- بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکان لە پێشانگەى نێودەوڵەتى سلێمانى گوتی: دەبێت کچان و ئافرەتان بتوانن پشتگیرییەکیان هەبێت و خۆیان ڕێک بخەن و ببنە خاوەن کۆمەڵەی خۆیان، بێگومان دەتوانن زۆر شتی گەورە بکەن بەتایبەتی لە ڕۆژی یەکەمی کردنەوەی پێشانگاکە وەزیری کشتوکاڵ لێرە بوو و سەردانی بەشێک لە وکەسانەی کرد کە خاوەن کارو پڕۆژەن پەیمانی ئەوەی پێدان کە هاوکارییان بکات و هەماهەنگیان بکات بۆ ئەوەی ڕێکبخرێن لەناو ئەو ڕێکخراوو کۆمەڵانە دەتوانن زۆر کاری باش بکەن.

پێشانگاى کشتوکاڵ و پیشەسازى خۆراک بە بەشدارى زیاد لە 110 کۆمپانیا و شوێنکار لە سلێمانی بەڕێوەچوو، کە زیاتر گرنگى بە بابەتە کشتوکاڵیەکان و ماددە خۆراکیەکان دەدا.

خانمان لە پێشانگاکاندا بەشدارییەکی کاریگەریان هەیە و بڕوای تەواویان بە تواناکانییان ھەیە و دەتوانن ئایندەیەکی گەش بۆ خۆیان و چەندان خانمی دیکە دروست بکەن. حکومەتیش بە چەندین ڕێگای جۆراوجۆر پشتیوانی و هاوکارییان دەکات. هەنگاوی یەکەمیش ئەوەیە کە خانمان لە رێکخستەوەیەکدا چالاکییان دەستپێ بکات و ئەم ڕێکخستە لە چوارچێوەی کۆمەڵەیەكدا کار دەکات

 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل