زەنگی بەردەوامیی قەیرانی کەمئاویی لە تاران لێ دەدرێت

سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی قەیرانی وشکەساڵی کەشناسی ڕایگەیاند، ئەمساڵ تا ئێستا لە پارێزگای تاران تەنیا نزیکەی هەشت ملیمەتر باران تۆمار کراوە، لە کاتێکدا بەپێی ئامارە درێژخایەنەکان دەبوایە زیاتر لە 70 ملیمەتر باران بباریایە.

یەکشەممە، 21 کانونی یەکەم، 2025، ئەحمەد وەزیفە، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی قەیرانی وشکەساڵیی ڕێکخراوی کەشناسیی وڵات، بە ئاژانسی هەواڵی 'میهر'ی ڕایگەیاند: دۆخی باران لە پارێزگاکانی دامێنەکانی باشووری ئەلبوورز لەوانە تاران، ئەلبوورز، قەزوین و سمنان زۆر نەگونجاوە و ڕێژەی کەمبارانی لەم ناوچانەدا لە نێوان 50% بۆ 80% بووە و تەنانەت لە هەندێک شوێندا گەیشتووەتە %90.

سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی قەیرانی وشکەساڵیی، بە ئاماژەدان بە دۆخی پێش شەپۆلی بارانی ئەم دواییە، ڕوونی کردەوە "پێش ئەم شەپۆلە بارانە، دۆخی سەرچاوەکانی ئاو و هەروەها دۆخی ژینگە لە شار و پارێزگاکانی وەک تاران، ئەلبوورز و پارێزگای مەرکەزی زۆر جێی نیگەرانی بوو، بەداخەوە لەم شەپۆلە بارانەشدا، بڕی پێویست لەم ناوچانە باران نەباری."

وەزیفە، دەربارەی شەپۆلی داهاتووی باران، کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە تاران و دەوروبەری بگرێتەوە، گوتی: بە گوێرەی داتا و زانییارییەکان، شەپۆلە بارانی داهاتووش بە شێوەیەک نابنێت کە قەرەبووی وشکەساڵی و بێبارانی بە تەواوی بکاتەوە، بۆیە دۆخی کەمئاوی و تەنانەت قەیرانی ئاو لە پارێزگاکانی تاران و دەوروبەری هیچ گۆڕانێکیان بەسەردا نایەت.

هاوینی ئەمساڵ، قەیرانی کەمئاوی لە ئێران بە گشتی و لە شاری تاران بە تایبەتی، گەیشتە ڕادەیەک، کە شارەوانییەکانی تاران بڕیاریان دا، کاتی پێدانی ئاو بە گەڕەکەکانی تاران، بکەن بە نۆرە و بە توندی سزای ئەو کەسانە بدەن کە زیادەڕەوی لە بەکارهێنان و بەفیڕۆدانی ئاودا دەکەن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل