قائیمقامی نوێی چەمچەماڵ دەستبەکاربوو

ئاسۆ بەکر مستەفا وەک قائیمقامی نوێی چەمچەماڵ دەستبەکاربوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی کانوونی یەکەمی 2025، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی و کارگێڕیی پارێزگای سلێمانی، ئاڵوگۆڕ لە پۆستی قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ ئەنجامدرا.

 لە ڕێوڕەسمەکەدا، ئاسۆ بەکر مستەفا بە وەکالەت پۆستی قائیمقامی نوێی وەرگرت و جێگەی ڕەمەک ڕەمەزانی قائیمقامی پێشووی گرتەوە.

ئاسۆ بەکر مستەفا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەرکی ئەوان خزمەتکردنە و داوا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکەن هاوکاریان بن لە دەستنیشانکردنی کەموکورتییەکان و چارەسەرکردنیان.

قائیمقامی نوێی چەمچەماڵ، پێشتر چەندین پۆستی هەبووە:

- پارێزەر لە دادگای سلێمانی (1991-1997)
- بەڕێوەبەری ناحیەکانی هێرۆ، بنگرد و خەلەکان (1997-2011)
- قائیمقامی قەزای دووکان (2011-2017)
- پلەی قائیمقام لە دیوانی پارێزگای سلێمانی (لە 2017ـەوە)

دانانی ئاسۆ بەکر لە پۆستە نوێیەکەیدا دوای ئەوە دێت کە بەهۆی لافاوەکەی ڕۆژانی 8 و 9ی ئەم مانگە لە چەمچەماڵ و دروستبوونی زیانی گیانی و ماددی، بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمییەکان پێکهێنرا.

دوای بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتی لێژنەکە، ژمارەیەک بەرپرسی ناوچەکە لە پۆستەکانیان بەخشراون، لە نێویاندا ڕەمەک ڕەمەزان، قائیمقامی پێشووی قەزاکە.