سان فرانسیسکۆ نوقمی تاریکی بووە

شاری سان فرانسیسکۆ لە تاریکیدا (وێنە: AA)
شاری سان فرانسیسکۆ لە تاریکیدا (وێنە: AA)

لە شەوی ڕابردووەوە (شەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2025)، پچڕانێکی بەرفراوانی کارەبا زیاتر لە 130 هەزار خانوو و بارەگای بازرگانی لە شاری سان فرانسیسکۆ خستە تاریکییەوە کە دەکەوێتە ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریکا.

کۆمپانیای "پاسیڤیک"ـی گاز و کارەبا، کە دابینکەری سەرەکیی کارەبای یەک لەسەر سێی هاووڵاتییانی شارەکەیە، تا ئێستا هۆکاری سەرەکیی ئەم پچڕانەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام دڵنیایی داوەتە دانیشتووان کە تیمەکانیان بەردەوامن لە کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە زووترین کاتدا.

پچڕانی کارەباکە، بەشێکی بەرچاوی باکووری شارەکەی گرتووەتەوە. بەتایبەتی گەڕەکەکانی "ڕیچمۆند" و "پریسیدیۆ" و ناوچەکانی دەوروبەری پارکی بەناوبانگی "گۆڵدن گەیت" بە تەواوی بێ کارەبا ماونەتەوە.

دەنگدانەوەی ئەم ڕووداوە بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە و هاووڵاتییان نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە و داوای گەڕانەوەی خێرای کارەبایان کردووە. بەپێی پۆستەکان، ژمارەیەکی زۆر لە چێشتخانە، کافێ و شوێنە گەشتیارییەکان ناچاربوون دەرگاکانیان دابخەن و ڕووناکی شەقامەکانیش کوژاونەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی فریاگوزاریی سان فرانسیسکۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' هۆشداریی داوە لەوەی، پچڕانی کارەبا بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی گەورە لە سیستەمی گواستنەوەی گشتیدا. داوا لە هاووڵاتیانیش کراوە، تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست هاتوچۆ بکەن.

دەزگاکانی گواستنەوەی شارەکەش پشتڕاستیان کردووەتەوە، بەشێک لە وێستگەکانی پاسی "مونی" و شەمەندەفەری "بارت" بەهۆی نەبوونی کارەباوە لەکارکەوتوون، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی و دواکەوتن.

لە لایەکی دیکەوە، ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئاگرکوژێنەوەی شارەکە لە پۆستەکانیاندا لە تۆڕی 'ئێکس' ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەگەرێکی بەهێز هەیە هۆکاری بەشێک لە پچڕانی کارەباکە بۆ ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە وێستگەکانی کۆمپانیای "پاسیڤیک" بگەڕێتەوە. لێکۆڵینەوەکان لەم بارەیەوە بەردەوامن.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل