مەسرور بارزانی: زوهێر عەبدولمەسیح ئەکتەر و دەرهێنەرێکی نیشتمانپەروەری کوردستان بوو

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشی لە ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن کرد بۆ کۆچی دوایی مامی، هونەرمەندی ناسراوی کوردستان، زوهێر عەبدولمەسیح.

لە پرسەنامەکەی سەرۆک وەزیراندا هاتووە "زوهێر عەبدولمەسیح ئەکتەر و دەرهێنەرێکی نیشتمانپەروەری دیاری کوردستان بوو کە خزمەتێکی زۆری سینەما و دراما و شانۆی کوردی کردووە. خودای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە ئێوە ببەخشێت."

 ژیان و کاروانی هونەریی زوهێر عەبدولمەسیح

زوهێر عەبدولمەسیح ئێلیا عەبدۆکا، هونەرمەند، ئەکتەر و دەرهێنەری ناوداری کوردستان، لە ساڵی 1948 لە شارۆچکەی عەنکاوەی هەولێر لە دایک بووە. قۆناغی سەرەتایی لە ئەڵقۆش تەواو کردووە، چونکە باوکی بۆ ماوەی 18 ساڵ لەوێ مامۆستا بووە، پاشان بۆ خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی گەڕاوەتەوە هەولێر.

لە ساڵی خوێندنی 1972-1973 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری دەرهێنان لە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدا بەدەستهێناوە. کاروانی هونەریی عەبدولمەسیح زیاتر لە نیو سەدەی خایاندووە و چەندین بەرهەمی شانۆیی، تەلەفزیۆنی و سینەمایی بە زمانەکانی سوریانی، کوردی و عەرەبی پێشکەش کردووە.

لە ساڵی 1974 پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە و وەک پێشمەرگەیەکی دێرین ناسراوە. لە کاتی بۆردومانی ئێستگەی "دەنگی کوردستان-عێراق" لەلایەن فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعسەوە، هونەرمەند زوهێر عەبدولمەسیح بریندار بووە.

لە دیارترین کارەکانی وەک ئەکتەر و دەرهێنەر بریتین لە: "کوڕی خاک"، "تاپۆ حەقی چییە؟"، "خولە چەخماخە"، "لانەوازان"، "سێگۆشەی مەرگ" و "خانی لەپزێڕین".

هونەرمەندی کۆچکردوو لە ساڵی 1999ەوە لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بوو. دوای ململانێیەکی درێژ لەگەڵ نەخۆشی، لە شاری ئێسکڵستۆنای سوید کۆچی دوایی کرد.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل