وەزارەتی دارایی: سبەی 120 ملیارەکە دەدرێتە وەزارەتی دارایی عێراق
داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تشرینی یەکەم (10) دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، سبەی دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، بڕی 120 ملیار دینار، وەک داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تشرینی یەکەم (10) بە شێوەی کاش دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە، 07ـی کانوونی یەکەمی 2025، لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەم (11)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتەکەوە، ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی عێراق کرا.
کۆتا جار مووچە لە لایەن بەغداوە خەرج کرابێت، ڕۆژی شەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2025، بوو، کاتێک بڕی 941 ملیار و 874 ملیۆن دینار خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، وەک شایستەی مووچەی مانگی ئەیلوول (9)ـی فەرمانبەر و مووچەخۆران.
بەگوێرەی ڕێککەوتنەکان، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆیی و نەوتی ڕادەستی بەغدا بکات، لە بەرامبەردا حکوومەتی فیدراڵ شایستە داراییەکانی هەرێم، بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەران، دابین بکات.
