کۆمپانیای سۆمۆ: هەناردەی نەوتی کوردستان بەگوێرەی ڕێککەوتنەکان بەڕێوەدەچێت
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەڵامی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزی دایەوە کە تێیدا ئاماژە بە نیازی کۆمپانیای DNO و کۆمپانیا نەوتییەکان کرابوو بۆ فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی سەربەخۆ و لە دەرەوەی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمپانیای سۆمۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە، سەرەڕای ئاڵنگارییە لۆجستییەکان و کەمیی شوێنی عەمبارکردن لە بەندەری جەیهانی تورکیا، بەڵام ئەوان پابەندن بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ ئەوەی پرۆسەی وەرگرتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم پەکی نەکەوێت.
سەبارەت بەو هەواڵەی ڕۆیتەرز کە لە 26ـی ئەیلوولی 2025 بڵاوکراوەتەوە و تێیدا رایگەیاندبووە، کۆمپانیای DNO نەوتی هەرێمی کوردستان بەشیوەیەکی سەربەخۆ دەفرۆشێت، لەبارانبەردا سۆمۆ ڕەتیدەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، "وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم چەندین جار پابەندبوونی خۆی بە ڕێککەوتنەکە دووپات کردۆتەوە."
بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکەی سۆمۆ، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی هەرێم، سەرجەم کۆمپانیا بیانییەکانی کەرتی نەوت لە هەرێم پابەندکراون بەوەی دەبێت تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراو ڕادەستی سۆمۆ بکەن، تەنیا ئەو بڕە نەبێت کە بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم تەرخان دەکرێت.
لە کۆتاییدا سۆمۆ دڵنیایی داوە کە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و سەقامگیریی پرۆسەی هەناردەکردن، بەردەوام دەبێت لە شەفافییەت و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
