شێرکۆ حەبیب: سەردانەکەی مەسرور بارزانی دەرگایەکی گەورەی بەڕووی پەیوەندییەکانی هەرێم و میسردا کردەوە

نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە میسر ڕایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قاهیرە و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی میسر، پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لای بردە قۆناغێکی نوێ و بەهێزترەوە، بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکەدا.

یەکشەممە 21ی کانوونی یەکەمی 2025، شێرکۆ حەبیب، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە میسر، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کوردستان24 ڕایگەیاند: سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ میسر و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، دووەم سەردانی گەورەی سەرکردایەتیی کوردە بۆ ئەو وڵاتە دوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی لە ساڵی 2010، ئەمەش دەرگایەکی گەورەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسییەکان کردەوە.

شێرکۆ حەبیب ئاماژەی بەوە دا کە میسر و هەرێمی کوردستان خاڵی هاوبەشی زۆریان هەیە، بەتایبەت لە شەڕی دژی تیرۆر و داعش. گوتیشی: میسر تێڕوانینێکی زۆر باشی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە و وەک پێگەیەکی گرنگی سەقامگیری و پێکەوەژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیری دەکات، بەتایبەت لە کاتێکدا وڵاتانی وەک سووریا و لوبنان بە دۆخێکی نالەباردا تێدەپەڕن.

سەبارەت بە لایەنی ئابووری، نوێنەرەکەی پارتی ڕوونی کردەوە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی و گەرەنتی داوەتە سەرمایەدارانی میسر بۆ کارکردن لە کوردستان. گوتی: کۆمپانیا میسرییەکان پەرۆشن بۆ ئەوەی بێنە کوردستان و سوود لەو ئاسایش و سەقامگیرییە وەربگرن کە هەیە، هەروەها کاڵای میسری نرخێکی گونجاوی هەیە و دەتوانێت لە بازاڕەکانی کوردستاندا کێبڕکێ بکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شێرکۆ حەبیب باسی لە پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکان کرد و ئاشکرای کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە قوتابییانی کورد لە زانکۆکانی میسر، بەتایبەت لە ئەزهەر و زانکۆکانی قاهیرە و ئەسکەندەرییە دەخوێنن.

گوتیشی: "کرانەوەی لقێکی زانکۆی ئەزهەر لە هەولێر و بوونی دەیان قوتابی کورد لە میسر، ئاماژەن بۆ قووڵیی پەیوەندییەکان، سەرۆکی میسر خۆیشی چەندین جار ستایشی گەلی کوردی کردووە و بە نەتەوەیەکی زیندوو ناوی بردوون.

نوێنەری پارتی ئاشکرای کرد کە لە ساڵی داهاتوودا پلانیان هەیە شاندێکی بازرگانی و هەروەها شاندێکی ڕۆژنامەوانیی میسری بانگهێشتی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاشنای پێشکەوتنەکان و دۆخی سەقامگیریی هەرێم ببن و ئەو وێنە ڕاستەقینەیە بۆ ڕای گشتیی وڵاتانی عەرەبی بگوازنەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل