حەشدی شەعبی، زەوییە گرانبەهاکانی بەغدا داگیر دەکات
ڕێگریی حکوومەتی عێراق لە هەوڵەکانی حەشدی شەعبی بۆ دەست بەسەرداگرتنی زەوییە گرانبەهاکانی ناوەندی بەغدا، بووەتە کێشە لە نێوان دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەت فیدراڵ.
دووشەممە، 22 کانوونی یەکەم، 2025، ڕۆژنامەی 'شەرقولئەوسەت' بڵاوی کردەوە، دەستەی حەشدی شەعبی دەیەوێت دەست بەسەر 100 دۆنم زەوی لە ناوچەی 'جادرییە'ی بەغدا، بگرێت، کە دەکەوێتە کەناری ڕووباری دیجلە. ئەو پارچە زەوییەی حەشدی شەعبی چاوی تێ بڕیوە، دەکەوێتە یەکێک لە گرانبەهاترین ناوچەکانی پایتەختی عێراق.
خاوەندارییەتییەکەی ئەو زەوییە، دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی فیدراڵ، بەڵام وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکی کورتدا، نکۆڵی لەوە کردووە سەبارەت بەو پارچە زەوییە هیچ سازشێکی بۆ دەستەی حەشدی شەعبی کردبێت.
وەزارەتەکە، ئاماژە بەو دەنگۆیانەی لە هەندێک سەرچاوە میدیاییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە دەربارەی سازشی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ پێدانی ئەو زەوییەی ناوچەی جادرییە بە دەستەی حەشدی شەعبی؛ ڕایگەیاندووە "لەو بارەیەوەو هیچ پرسێک بە وەزارەتەکەمان نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە گونجاوی دەزانین بۆ ئەوەی بکرێتە پارک، چونکە دەکەوێتە کەناری ڕووباری دیجلە."
ئەو سەرچاوە ئاگەدارەی قسەی بۆ شەرقولئەوسەت کردووە، جەختی لەوە کردووەتەوە "وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەی موڵکایەتیی یاسایی ژمارە 337/152 و بەپێی قەواڵەی خاوەنداری موڵکایەتی سەلماندوویەتی کە 80 دۆنمی ئەو زەوییە موڵکی وەزارەتە و 20 دۆنمەکەی دیکەش موڵکی ئەمانەتی بەغدایە."
مشتومڕەکان لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە سەریان هەڵداوە، دوای ئەوەی دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند "بە شێوەیەکی فەرمیی موڵکایەتیی پارچە زەوییەکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ئەمانەتی بەغدا لە ناوچەی جادرییە، گوێزراوەتەوە بۆ سەر ناوی دەستەی حەشدی شەعبی."
دەستەی حەشدی شەعبی، لە ڕاگەیەنراوەکەیدا، جەختی لەوە کردبووەوە "هەندێ لە هاووڵاتییان کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەستیان بە سەر بەشێک لەو زەوییەدا گرتبوو و پاش گواستنەوەی موڵکایەتییەکەی، هێرشیان کردووتە سەر چەند ئەندامێکی حەشد و ویستوویانە بە شێوازی عەشایەری، دەست بەسەر زەوییەکەدا بگرن."
سەرهەڵدانی کێشەی زەوی و زار لە نێوان وەزارەتەکاندا، لە کاتێکدایە بە گوێرەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، دەسەڵاتەکانی حکوومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی، وەک کاربەڕێکەر سنووردار کراوە.
چاودێران، کێشەی نێوان ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار، لەگەڵ وەزارەتی دارایی و بانکی ڕافیدەین، سەبارەت بە پارەکانی سندووقی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی سەر بە حەشد، بە بەشێک لە گرژیی نێوان دەستەی حەشدی شەعبی و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، دەزانن.
ئەوان لایانوایە، ئەم کێشانە، ڕەنگدانەوەی مشتومڕی قووڵی نێوان باڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییە کە لە دانوستانێکی سەختدایە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.
