شاندی پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەچێتە بەغدا
شاندێکی دانوستانکاری پارتی سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن کۆدەبێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی بەغدا دەکات.
کوردستان24 زانیویەتی، ئامانجی سەردانی شاندەکەی پارتی، گفتوگۆکردنە لەگەڵ هێز و لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق و بەجیا لەگەڵ لایەنە شیعی و سوننییەکان کۆدەبێتەوە.
بڕیارە سبەی سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، شاندی دانوستانکاری پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەست بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بکات.
بەپێی زانیارییەکان، شاندی پارتی پێکدێن لە:
- فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی.
- فوئاد حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی.
- فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.
سەردانی ئەم شاندەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا لە کاتێکدایە، هەوڵ و دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق چڕبوونەتەوە. دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە 11ـی تشرینی دووەم، لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت هێزە براوەکان، جووڵەیان بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان دەستپێکردووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی یەکەمی براوەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، جەخت لەسەر بنەماکانی هاوسەنگی، هاوبەشی و سازان دەکاتەوە. چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکانی ئەم شاندە لە بەغدا، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر دیاریکردنی سەرۆک کۆمار و یەکلاییکردنەوەی پشک و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا هەبێت.
سەردانەکەی شاندی پارتی بۆ بەغدا دوای کۆبوونەوەی فراوانی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حیزبە دێت، کە لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2025 بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی ئەنجامدرا.
لە ڕاگەیەنراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بەوە کرابوو بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ بەغدا، شاندێکی باڵای پارتی دیاریکراوە. هاوکات جەختی لەوە کردبووەوە، پێویستە هەوڵی جددی بدرێت بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەهۆی بوونی نادادپەروەری تێییدا.
هەروەها داوای چارەسەرێکی هەمیشەیی و بنەڕەتی بۆ پرسی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان کردبوو، بەشێوەیەک لەگەڵ سیستەمی فیدراڵیدا بگونجێت.
