قۆناغی یەکەمی هاوکاری زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دابەش دەکرێت
عەتا محەممەد، قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی هاوکارییەکان بەسەر سەدان خێزانی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ ڕاگەیاند و گوتی، لە قۆناغی داهاتووشدا هاوکارییەکان بەسەر زیانلێکەوتووانی تەکیە و شۆڕش دابەشدەکرێت.
دووشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و دابەشکردنی هاوکارییەکان، قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی هاوکارییەکانی بەسەر زیانلێکوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و تەکیە و شۆڕش ڕاگەیاند، لەم قۆناغەدا 639 خێزان لە سنووری قەزای چەمچەماڵ بە ئەندازەی ئەو زیانەی بەریانکەوتووە هاوکاری دەکرێن.
عەتا محەممەد، ڕایگەیاند، پرۆسەکە بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچێت، تیمەکانمان بۆ هەر کەسێکی زیانلێکەوتوو فۆرمی تایبەتیان ئامادە کردووە، کە بە گوێرەی خەمڵاندنی لیژنەکان پڕکراوەتەوە، هاوکات چەکی پارەی هاوکاری بە چاودێری بۆردی چاودێری ئامادەکراوە، هاووڵاتییان دەتوانن چەکی هاوکارییەکانیان وەربگرن و دواتر سەردانی بانکی چەرمۆ بکەن بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەی کە وەکو هاوکاری بۆیان تەرخان کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە قۆناغی یەکەمدا 639 خێزان چەکی هاوکاری وەردەگرن، هاوکات بڕە پارەیەکی دیکە کە بریتیە لە یەک ملیۆن دۆلار ئامادەکراوە بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی لە لافاوەکەی چەمچەماڵ زیانیان پێگەیشتووە، ئەم بڕە پارەیە لە قۆناغەکانی داهاتوودا دابەش دەکرێت.
عەتا محەممەد گوتیشی، کۆی گشتی ئەو پارەیەی کە تاوەکو ئێستا بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان کۆکراوەتەوە گەیشتووە نزیکەی 13 ملیار دینار.
عەتا محەممەد جەختیشی کردەوە، ئەو هاووڵاتییانەی لەلایەن لیژنەکانەوە سەردانیان کراوە و خەمڵاندنیان بۆ کراوە، فۆڕمی تایبەتیان بۆ پڕکراوەتەوە، واتە ئەو کەسەی کە فۆرمەکەی بەناوی پڕکراوەتەوە، خۆی دەبێت سەردانی بانک بکات بۆ وەرگرتنی چەکی هاوکارییەکەی، بە پێچەوانەوە چەکی پارەی هیچ کەسێک نادرێت بە کەسێکی دیکە، تەنیا ئەگەر ئەو کەسەی کە دێت بۆ وەرگرتنی چەک لە بری خاوەنی چەکەکە بریکارنامەی یاسایی پێبێت، ئاماژەی بەوەشدا، ئەمە ڕێکارێکی یاساییە و ناتوانن لەمبارەیەوە ئاسانکاری بۆ هیچ کەسێک بکەن.
سەبارەت بەو کەسانەی کە ئەمڕۆ ناتوانن چەکی پارەی هاوکاری وەربگرن، عەتا محەممەد گوتی: "بێگومان ئەو مافە هەر دەمێنێت و نافەوتێت، ئەو کەسانەی کە ئەمڕۆ نەهاتوون چەکی پارە وەربگرن، دەتوانن لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا لە ڕێگەی لیژنەکانمانەوە چەکەکانیان وەربگرن و دواتر لە ڕێگەی بانکەوە پارەکە وەردەگرن.
لە بارەی قەبارەی هاوکارییەکانەوە ڕایگەیاند، بە گوێرەی ئەو خەمڵاندنەی لیژنەکانمان ئەنجامیانداوە، بڕی هاوکارییەکان دیاریکراوە کە لە نێوان 400 هەزار تاوەکو چوار ملیۆن 950 هەزار دینارە، ئاماژەی بەوەشکرد، دوای هاوکاریکردنی ماڵەکان، بازاڕ و دوکانەکان و ئەو ئۆتۆمبیلانەی زیانیان بەرکەوتووە بە گوێرەی قەبارەی زیانەکانیان هاوکاری دەکرێنەوە.
سەبارەت بەو ماڵانەی کە تاوەکو ئێستا لیژنەکان سەردانیان نەکردوون و تۆمار نەکراون عەتا محەممەد گوتی، "هەر خێزانێک لیژنەکانمان سەردانیان نەکردووە و تۆمار نەکراون، دەتوانن لە ڕیگەی لیژنەیەکەوە کە تایبەتە بە سکاڵا داواکارییەکانیان بگەیەنن و خۆیان لە لیستی زیانلێکەوتووان تۆمار بکەن، بە دڵنیاییەوە ئەگەر شایستە بن هاوشێوەی ئەوانەی ئێستا چەکی پارەی هاوکاری وەردەگرن.
ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی سێشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، زیانلێکەوتووانی تەکییە و ئاخجەلەر و شۆڕش چەکی هاوکارییەکانیان وەردەگرن.
