وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی پرسی "هەسەدە" سەردانی دیمەشق دەکەن

ئەرشیف
ئەرشیف

 وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پرسی ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، سەردانی سووریا دەکەن.

دووشەممە،22ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، لە سەردانەکەیاندا بۆ دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆ دەبنەوە. ئامانجی سەردانەکە "هەڵسەنگاندنێکی گشتییە" بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، هەردوولا باسی "بەرەپێشچوونەکان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئادار" دەکەن، کە لە نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا واژۆ کراوە؛ تورکیا جەخت دەکاتەوە کە ئەم پرسە "پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئەولەوییەتەکانی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاوە هەیە."

هەفتەی ڕابردوو هاکان فیدان، هۆشداریی دابووە "هەسەدە" لەوەی هەر جۆرە دواخستنێک لە تێکەڵبوونیان لەنێو سوپای سووریا، هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات و ئاماژەی بەوەش کردبوو  "سەبری لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە خەریکە نامێنێت."

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکاندا، ئەنقەرە "بەنیازە مەترسییە ئەمنییەکانی باشووری سووریا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل" و هەروەها "چوونە نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەلایەن سووریاوە" تاوتوێ بکات.

تورکیا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانج لە هاوکاریی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە ڕێگرییە لە سەرهەڵدانەوەی جموجووڵەکانی داعش، بەتایبەت دوای ئەو هێرشەی لە 13ی کانوونی یەکەم لە تەدمور ڕووی دا و بووە هۆی کوژرانی دوو سەرباز و وەرگێڕێکی ئەمەریکی.

پێشتر، ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لە 10ی ئاداری ڕابردوودا ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد کە تێیدا هاتبوو، دەبێت تا کۆتایی ئەمساڵ دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی حکوومەتی خۆسەر بچنە نێو دامەزراوە نیشتمانییەکانی سووریاوە، بەڵام هەبوونی جیاوازی لە دیدگای هەردوولا تا ئێستا ڕێگربووە لە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنەکە.

تورکیا کە لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2019 سێ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری سووریا ئەنجامداوە، بوونی هێزەکانی هەسەدە لەسەر سنوورەکانی بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی دەزانێت.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل