ئەنجامی کۆبوونەوەی جەهەپە و شاندی ئیمراڵی ڕاگەیەنرا؛ "پێشکەشکردنی ئاشتی بە 86 ملیۆن کەس ئەرکی هەموومانە"

کۆبوونەوەی جەهەپە و شاندی ئیمراڵی کۆتایی هات و هەردوولا جەختیان کردەوە، کاتی ئاشتییە و پێویستە چیدیکە شەڕ سەرهەڵنەداتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی کانوونی یەکەمی 2025، لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان؛ شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی، لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کۆبووەوە. 

دوای کۆبوونەوەکە کە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند؛ سەرۆکی جەهەپە و ئەندامانی شاندی ئیمراڵی؛ لە کۆنفرانسێکی هاوبەشیی ڕۆژنامەوانیدا، باسیان لە پرۆسەی نوێی ئاشتی کرد. 

 

کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆکی جەهەپە

 

ئۆزگور ئۆزەل: ئاشتی بۆ سووریا و تورکیا دەخوازین

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "هیوادارین ڕشتنی فرمێسک لەم وڵاتە بوەستێت و برایەتی و ئاشتی باڵادەست بێت. ئاواتەخوازین لە داهاتووی تورکیادا لە ئاشتیدا، دەست لەناو دەست و شانبەشانی یەکتر بین. تورک و کورد و هەموو کەس دڵنیابن لە داهاتووی منداڵەکانیان، باشترین پەروەردە وەربگرن، پێکەوە بە خێرایی پێشبکەوین و داهاتوویەکمان هەبێت بە دادپەروەری دابەشی بکەین."

بە گوتەی ئۆزەل: "هەم لە تورکیا و هەم لە سووریا، بۆ تورکەکان، بۆ کوردەکان، بۆ درووزییەکان، بۆ عەلەوییەکان و بۆ تورکمانەکان، هیوای دوو دەوڵەتی دەستووری، دیموکراتیک و ئاشتیانە دەخوازین. هیوادارین ئاشتی، برایەتی و دیموکراسی هەم لە تورکیا و هەم لە سووریا باڵادەست بێت. لە هەردوو وڵاتدا ژینگەیەکی ئاشتیی ڕاستەقینە بێتە ئاراوە، پەیوەندییەکی باش لەنێوان تورکیا و سووریا دروست ببێت و برایەتی لە هەردوو دیوی سنوور بەهێزتر بێت."

 

کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ سەرۆکی جەهەپە

 

پەروین بوڵدان: پێشکەشکردنی ئاشتی بە 86 ملیۆن کەس ئەرکی هەموومانە

دوای ئۆزگور ئۆزەل، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری وانی دەم پارتی، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ئێمە لە بارەگای گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ـین. بەتایبەتی سوپاسی بەڕێز سەرۆک و شاندەکەی دەکەم. دەمەوێت جەخت بکەمەوە دیدارێکی زۆر گرنگ و بەرهەمدارمان ئەنجام دا. بە وردی گفتوگۆمان لەبارەی قۆناغەکانی پڕۆسەکەوە کرد. لەم وەرچەرخانە مێژووییەدا، ئێمە گرنگییەکی زۆر بە ڕۆڵی بنیاتنەری پارتی گەلی کۆماری دەدەین."

بوڵدان ئاماژەی بەوەش دا: "هۆکاری بوونمان لێرە ئەوەیە پرسی کورد پرسێکی سەروو سیاسەتە و چارەسەرکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەموومانە. ئاشتی، بێگومان، شایستەی تورکیایە. ساڵانێکی دوورودرێژ پڕۆسەیەکی پڕ لە پێکدادان بەڕێوەچوو. لەم جوگرافیایەدا خوێنێکی زۆر ڕژا، دایکان گریان، گەنجان چوونە ژێر خاک و لاشەی گەنجەکان نێژران."

ئەو ئەندامەی شاندی دەم پارتی جەختی کردەوە "بۆ ئەوەی چیتر پڕۆسەیەکی لەم شێوەیە ڕوونەداتەوە، کاتی ئەوە هاتووە هەموومان دەست و جەستەمان بخەینە ژێر باری بەرپرسیارێتییەوە. دەمەوێت بڵێم هەوڵی هەموو ئەو کەسانەی لەم پرسەدا کاریان کردووە، بەنرخە. پێشکەشکردنی ئاشتی بە 86 ملیۆن کەس ئەرکی هەموومانە."

 

کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی سەرۆکی جەهەپە و شاندی ئیمراڵی

 

میدحەت سانجار: دانوستان، نەک دەمەقاڵە!

میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، گوتی: "سوپاسی بەڕێز سەرۆکی گشتی و شاندەکەی دەکەم بۆ قبووڵکردنی ئەم سەردانە. ئەم دیدارە زۆر گرنگ بوو. هەموو جارێک دووپاتی دەکەینەوە پڕۆسەکە چەندە فرەڕەهەند و سەختە. ڕەنگە لەناو پڕۆسەکەدا بۆچوونی جیاواز و ڕەخنەی دوولایەنە بێنە ئاراوە؛ بەڵام پێویستە جارێکی تر بیرمان بێتەوە ڕۆحی ئەم پڕۆسانە دانوستانە، نەک دەمەقاڵە."

سانجار ڕوونیکردەوە: "دەمەقاڵە لەسەر بنەمای بەزاندنی یەکتر و سەلماندنی ڕەوایەتیی خۆتە؛ بەڵام دانوستان هونەری گوێگرتن لە یەکتر، دیالۆگ و پێشکەوتنە لە ڕێگەی دیالۆگەوە. ئێمەش ئەمڕۆ پێکەوە نموونەیەکی زۆر بەنرخی دانوستانمان بینی. ڕێز، ڕەخنە و تێبینییەکانمان بە شێوەیەکی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ کرد. پڕۆسەکە لە ڕێگەی دانوستان، دیالۆگ و دیداری دوولایەنەوە بەڕێوەدەچێت. لەم خاڵەدا، ڕێککەوتنی سیاسی و کۆدەنگیی کۆمەڵایەتی گرنگییەکی ژیانی هەیە."

ناوبراو گوتیشی: "جارێکی تر بینیمان پارتی گەلی کۆماری ئەو ئیرادەیەی نیشان دەدات لەم پڕۆسەیەدا بە شێوەیەکی ئەرێنی بەردەوام دەبێت لەسەر ڕۆڵی بنیاتنەری خۆی. ئەمە زۆر گرنگە. ئێمە ناچارین دژی ئەو ژینگە گرژی، پێکدادان و هاندانە ڕەگەزپەرستییەی دەیانەوێت بڵاوی بکەنەوە، بە یەکێتیی دیموکراسی و ئاشتی، خەباتی هاوبەش بکەین. باوەڕمان وایە ئەمە تا کۆتایی بەهێزبوونی ئاشتی و دیموکراسی مسۆگەر دەکات. دەمەوێت جارێکی تر جەخت لەسەر بەهای ئەم هەوڵە هاوبەشە لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری بکەمەوە."

 

کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی سەرۆکی جەهەپە و شاندی ئیمراڵی

 

شاندەکەی ئیمراڵی دوو کۆبوونەوەی دیکەی دەبێت

هەروەها لە درێژەی سەردانەکانیاندا، بڕیارە سبەی سێشەممە، 23ی کانوونی یەکەمی 2025، کاتژمێر 10:30 بەیانی، شاندەکەی دەم پارتی لە باڵەخانەی وەزارەتی داد، لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری داد کۆببێتەوە.

 دوای ئەو کۆبوونەوەیەش، کاتژمێر 12:30 خولەکی پاشنیوەڕۆ، شاندەک لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە.

شاندەکەی دەم پارتی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لەگەڵ پارتی ئایندە، پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە)، پارتی کرێکارانی تورکیا (تەپ) و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کۆبووەتەوە.

 

پرۆسەی نوێی ئاشتی

پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، دوای دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا دەستیپێکردووە. 

دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت و کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت. لە وەڵامدا، پەکەکە لە مانگی ئایاردا کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.

 هەروەها لە مانگی تشرینی یەکەمدا، پەکەکە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی لە خاکی تورکیا ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوانە لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە بە "ئەرێنی و مێژوویی" وەسف کران.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل