کریستییانەکانی دەشتی نەینەوا: ناوچەکانمان لە ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکان دان
کریستییانەکانی دەشتی نەینەوا بەهۆی نەبوونی دڵنیاییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچە ڕەسەنەکانیان و دەڵێن "ناوچەکانمان لە ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکان دان."
زیاتر لە 11 ساڵ بەسەر هێرشی داعش لە 2014 تێدەپەڕێت. ژمارەیەکی زۆر لە مەسیحییە ئاوارەکانی دەشتی نەینەوا هێشتا نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و زێدی خۆیان، بەهۆی هەستکردن بە نەبوونی ئارامی و بەردەوامی بوونی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچە ڕەسەنەکانیان.
ڕەمزی ئیشۆ، هاووڵاتییەکی ئاوارەیە، بە دەرمان باعەدری، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئێمە وابیرمان دەکرد مانگێک، 2 یان 3 مانگ دەبێت و دەگەڕێینەوە؛ بەڵام ئێستا باوەڕمان بە گەڕانەوە نەماوە. چەندان کەس و کاریشمان بوونەتە قوربانی توندوتیژی."
دیانا بۆتانی، هاووڵاتییەکی دیکەی ئاوارە، ڕایگەیاند "دڵنیایی تەواو بۆ گەڕانەوە نییە. بوونی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکە وایکردووە خەڵک هەست بە ئارامی نەکات. هاووڵاتییان لەو ناوچانە بەهۆی بوونی چەندین هێزی جیاوازەوە ناتوانن بە دڵنیاییەوە سەردانی ماڵ و حاڵی خۆیان بکەن."
عامر ئەڵقوشی، چالاکوانێکی مەسیحی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ناوچە کریستیاننشینەکانی دەشتی نەینەوا لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکان دان و دۆخێکی نائارام بەردەوامە.
پێش هێرشی داعش، ژمارەی مەسیحییەكان لە دەشتی نەینەوا (بە تایبەتی بەشی ڕۆژهەڵاتی) زیاتر لە 100 هەزار كەس بوون؛ بەڵام دوای 2014، نزیكەی 70 هەزار مەسیحی ناوچەکەیان جێهێشت. ئێستا بەپێی نوێترین ئامارەکان، تەنیا نزیكەی 30 هەزار کەس گەڕاونەتەوە.
لێکۆڵینەوە نوێیەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکان لە ساڵی 2024 ئەوە دەردەخەن، سەرەڕای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش، ئاڵۆزیی کۆنترۆڵی ئەمنی لە دەشتی نەینەوا هێشتا گەورەترین ئاستەنگە.
مەسیحییەکان دەڵێن، دۆخی مادی و کێشەی خزمەتگوزاری و کار، جگە لە دۆخی ئەمنی، وایکردووە ئاوارەبووەکان ڕوو لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا بکەن، نەك گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە قەزای حەمدانییە و بەشەکانی دیکەی دەشتی نەینەوا، وەك ناحیەی ئەڵقوش.
