فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ کوردستان24: هیچ بڕیارێکمان بۆ راگرتنی گەشتەکان لەگەڵ ئێران پێنەگەیشتووە

 لە کاتێکدا سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، تا ئێستا هیچ بڕیارێکیان لەبارەی راگرتنی گەشتەکان لەگەڵ ئێران پێنەگەیشتووە، بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی کوردستان24 لە بەغداوە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بەهۆی سزاکانی گەنجینەی ئەمەریکاوە بڕیاری داوە لە کاتژمێر 12ـی ئەمشەوەوە رێگە بە گەشتکردنی هیچ فڕۆکەیەکی ئێرانی لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق نەدات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەک لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند: تا ئیستا هیچ بریارێکمان بۆ راگرتنی گەشتەکان لەگەڵ ئێران بۆ نەهاتووە.

گوتەکانی ئەم سەرچاوەیە لە کاتێکدایە، هەر ئەمرۆ سێشەممە، کوردستان24 لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا زانیاری پشتراستکراوەی وەرگرتووە بەهۆی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیاکانی گەشتکردنی ئاسمانی ئێرانی، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بریاری داوە لە کاتژمێر 12ـی ئەمشەوەوە رێگە بە گەشتکردنی هیچ فرۆکەیەکی ئێرانی نەدات. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، دوو کۆمپانیا کاروباری رێکخستنی گەشتە ئاسمانییەکانیان لەئەستۆ گرتووە، ئەمرۆ بە فەرمی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدایان ئاگادار کردووەتەوە کە ناتوانن خزمەتگوزاری بۆ فڕۆکە ئێرانییەکان دابین بکەن بەمەش هیچ فرۆکەیەکی ئێرانی ناتوانێت گەشت بکات. 

کوردستان24 زانیویەتی، ئەم بریارە تەواوی فڕۆکەخانەکانی عێراق دەگرێتەوە و هاوکات رێگە نادرێت هیچ فڕۆکەیەکی ئێران بۆ کاتی لەناکاو و پێویستیش لە هیچ فڕۆکەخانەیەکی عێراق بنیشێتەوە. 

ئەم بریارە بەهۆی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایە لەسەر کەرتی گەشتی ئاسمانی ئێرانی لەسەرانسەری جیهان.