ئەگەر عێراق گەشتەکانی لەگەڵ ئێران رابگرێت هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؟

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی

سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بڕیاریداوە لە سبەی چوارشەممەوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران رابگرێت، بڕیارەکەش لە چوارچێوەی پابەندبوونە بە سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا و لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی بە کوردستان24ـی راگەیاند: بەپێی بڕیارەکە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق سەرجەم فڕۆکەخانەکانی لە راگرتنی هاتوچۆی ئاسمانیی هێڵە ئێرانییەکان و قەدەخەکردنی هەر گەشتێکی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بەرەو تاران ئاگادار کردووەتەوە.

روونیشیکردەوە، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی خۆبەدوورگرتنی عێراقە لە سزاکانی ئەمەریکا، چونکە بەپێی ڕێنماییەکان، پێشکەشکردنی هەر جۆرە خزمەتگوزارییەک بە فڕۆکەکانی ئێران، لەوانە دابینکردنی سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەکانی نیشتنەوە لە فڕۆکەخانەکاندا بە تەواوی قەدەخە دەکرێت.

ئەمە لەکاتێدایە، سەرچاوەیەک لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند: تا ئیستا هیچ بریارێکمان بۆ راگرتنی گەشتەکان لەگەڵ ئێران بۆ نەهاتووە.