کالاس و عێراقچی دەرفەتە دیپلۆماسییەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئێران تاوتوێ دەکەن
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە؛ لە دیدارەکەدا کالاس جەختی لە دەستپێکردنەوەی کەشتیوانیی ئازاد لە گەرووی هورمز و بابولمەندەب بەبێ سەپاندنی هیچ باجێک کردەوە و پرسی مافی مرۆڤی خستەڕوو، لە بەرامبەردا عێراقچی ڕەخنەی لە سیاسەتی ئەوروپا گرت و بە ملکەچبوون بۆ شەڕەنگێزییەکانی ئەمریکا تۆمەتباری کردن.
سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە پەیامێکدا دەربارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دەرفەتە دیپلۆماسییەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمزیان تاوتوێ کردووە.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و گەرووی بابولمەندەب بە شێوەیەکی ئازاد و بێ بەربەست بێت و گوتی: پێش جەنگ هیچ باج و رسووماتێک بۆ تێپەڕبوون نەبووە، نابێت دوای جەنگیش هیچ باجێک هەبێت.
هاوکات کالاس ئاماژەی بەوە کرد، نیگەرانیی خۆی گەیاندووەتە تاران سەبارەت بە سەرکوتکارییە ناوخۆییەکانی ناو ئێران، بەتایبەت بەرزبوونەوەی بەرچاوی رێژەی لەسێدارەدان و سەپاندنی سزای مەرگ.
عێراقچی: ئەوروپا سیاسەتی دووفاقی بەرامبەر ئەمریکا پەیڕەو دەکات
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، عەباس عێراقچی لەگەڵ کایا کالاس باسی لە پێشهاتەکانی جەنگی ئۆکراینا، ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکەوتەکانی بەردەوامیی دەستدرێژی و جەنگی ئابووریی ئەمریکا دژ بە گەلی ئێران کردووە.
عێراقچی داوای لە یەکێتیی ئەوروپا کرد رۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕێت و دەستبەرداری سیاسەتی دووفاقی و پێوانەی دووانە بێت، هاوکات رەخنەی توندی لە وڵاتانی ئەوروپا گرت و رایگەیاند، ئەوروپا سیاسەتی ملکەچبوونی لە بەرامبەر قۆڵبادان و شەقاوەیی ئەمریکادا هەڵبژاردووە، ئەوەش خزمەت بە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی ناکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لە پابەندبوونی تاران بە دیپلۆماسی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکە کردەوە، بەڵام پێداگریی کرد کە پەیمانشکێنیی بەردەوامی ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی تێکدانی رێڕەوە دیپلۆماسییەکانە. عێراقچی رەخنەی لە یەکێتیی ئەوروپاش گرت کە لە بری پابەندبوون بە سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، لە چەندین دۆسیەدا بێدەنگیی لە بەرامبەر هەنگاوە یەکلایەنەکانی ئەمریکادا هەڵبژاردووە.