ئەنجوومەنی وەزیران مووچە و ڕێککەوتنەکانی هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکات
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و پرسی مووچە و ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی و بە ئامادەبوونی وەزیرانی کورد، کۆدەبێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی 10 ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت و هەروەها گفتوگۆ لەسەر درێژکردنەوەی ڕێککەوتنە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بەردەوامی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دینار، وەک داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تشرینی یەکەم بە شێوەی کاش خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
