هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان گفتوگۆ دەکەن
شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی گەڕانەوەی خۆویستیانەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان بە تایبەتی ئاوارەکانی شنگال لە بەغدایە.
شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ و ئەندامییەتی بەڕێوەبەری گشتیی ژميركاریی وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە وەزارتی ناوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال و ناوچەکانی دیکە بۆ زێدی خۆیان گفتوگۆیان کردووە.
سامی جەلال ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کە سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ جێگرى سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبوونەتەوە و لەبارەی کەمپی ئاوارەکان له هەرێم و بەتایبەت ئاوارەکانی شنگال گفتوگۆیان کردووە.
گوتیشی: بۆ گەڕانەوەی خۆویستانەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، بە تایبەت ئاوارەکانی شنگال، گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین.
هەروەها بایەخدان بە ئاوەدانکردنەوە و ژێرخانەکانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەک دروستکردنی قوتابخانە، نەخۆشخانە و ڕێگەوبانەکان، نەهێشتنی گرووپە چەکدارەکان، فاکتەری سەرەکین بۆ هاندانی ئاوارەکان تا بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
9ـی تشرینی یەکەمی 2020، بە چاودێریی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتننامەی شنگال لە بەغدا واژۆ کرا، کە لە چەند خاڵێکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە پێکهاتووە.
ڕێککەوتنەکە دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنی شنگال هات، دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی لە رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2015، شارەکەیان لە دەست تیرۆریستانی داعش ئازاد کرد.
ڕێککەوتننامەی شنگال، کە ئامانج لێی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ناوچەکە، گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیرییە و قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانە؛ بەسەر چوار تەوەردا دابەش کراوە، کە بریتین لە کارگێری، ئەمنی، ئاوەدانکردنەوە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە.
بە گوێرەی ئامارەکان، لە دوای داگیرکردنی شنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە ساڵی 2014، 400 هەزار هاووڵاتیی ئیزیدی لە شنگال ئاوارە بوون و زیاتر لە 11 ساڵە لە کەمپەکاندا زستانێکی سارد و هاوینێکی گەرم بەڕێ دەکەن، چاوەڕوان دەکرا بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال، بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ تاوەکوو ئێستا ئامادەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە نەبووە.
