بنکەی لالش: گوتارەکەی سەرۆک بارزانی لەسەر چیای شنگال گەڕانەوەی ئومێد بوو بۆ ئێزدییەکان
بنکەی لالش لە ڕاگەیەندراوێکدا یادی داستانە مێژووییەکەی 23-12-2014 دەكاتەوە، کاتێک سەرۆک مەسعوود بارزانی لەسەر لووتکەی چیای شنگال، گوتاری سەرکەوتنی پێشکەش کرد و بە فەرمی ڕزگارکردنی چیاکەی لەژێر چنگی تیرۆریستانی داعش بە جیهان ڕاگەیاند.
بنکەی لالش ئاماژە بەوە دەکات کە لەو ڕۆژەدا هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان توانییان داستانێکی بێوێنە تۆمار بکەن و گەمارۆی چەندین مانگەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر چیای شنگال تێکبشکێنن، ئەم سەرکەوتنە مەزنە بووە کۆتاییهێنان بەو ئێش و ئازارە سەختانەی کە ڕووبەڕووی خوشک و برایانی ئێزدی ببووەوە، کە لە بارودۆخێکی مرۆیی زۆر خراپدا لەناو چیاکەدا گەمارۆ درابوون.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە گوتارە مێژووییەکەی سەرۆک بارزانی لەو ساتە هەستیارەدا، تەنیا ڕاگەیاندنی سەرکەوتنێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو وەک کلیلێکی زێڕین وابوو بۆ گەڕانەوەی ئومێد بۆ ناو دەروونی ئێزدییەکان.
لەو کاتەدا کە خەڵکی ناوچەکە بەهۆی تاوانەکانی داعشەوە لە ڕەوشێکی پەرێشاندا بوون و هیوای گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان لەدەستدابوو، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی باوەڕبەخۆبوونی بۆ گەڕاندنەوە و ئاسۆیەکی نوێی بۆ داهاتووی شنگال و خەڵکەکەی کێشا.
