شاندی پارتی و سوودانی، جەختیان لە گرنگی خێراکردنی جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان کردەوە

شاندی دانوستانکاری پارتی لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبووەوە و دوایین پێشهاتەکانی وڵات و گرنگی یەکخستنی هەڵوێستەکانی نێوان هێزەکان تاوتوێ کرا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، پێشوازی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی حیزبەکە فازڵ میرانی کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە میانی دیدارەکەدا باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی وڵات و گرنگی یەکخستنی هەڵوێستەکانی نێوان هێزە نیشتمانییەکان کرد، هەروەها کارکردن بە دیدێکی یەکگرتوو بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە پاڵپشتیکردنی بەردەوامی پرۆژەکانی گەشەپێدان و بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە، بە شێوەیەک لەگەڵ خواستەکانی گەلی عێراقدا بگونجێت.

نووسینگەکە دەشڵێت: هەر لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگی خێراکردنی جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان کرایەوە بەپێی کاتی دیاریکراو، بەمەبەستی بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی چاکسازی و گەشەپێدان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی.

هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکانی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا بڕیارە شاندی دانوستانکاری باڵای پارتی ئەمشەو لەگەڵ لەگەڵ سابت عەباسی، هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی و خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە کۆببنەوە.

لە ئێوارەی دووشەممەوە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، شاندێکی باڵای دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی لە بەغدایە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.

شاندەکەی پارتی پشکی کورد لە حکوومەتی داهاتووی عێراق و ئیستحقاقی پارتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن لەگەڵ لایەنەکان تاوتوێ دەکات.

شاندی پارتی پێکدێن لە:

- فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی.

- فوئاد حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.

- نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.

- ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی.

- فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل