وەزارەتی دارایی: هەر کەس و لایەنێک تەشهیر و بوختان بە وەزارەتمان بکات بێ وەڵام نابین
وەزارەتی دارایی دووپاتی کردەوە، بەشێک نیین لە کێشە و ململانێ سیاسییەکان، لە ماوەی ڕابردوودا بێلایەنی خۆیان پاراستووە و دەیپارێزێت. جەختی لەوەش کردەوە، وەزارەتەکە نەبووایە کارەساتی چەمچەماڵ گەورەتر دەبوو.
سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، "لە میانی گەشتی هەواڵەکانی ڕۆژی دووشەممەی کاتژمێر 12ـی کەناڵ 8ـدا یەکێک لە بێژەرانی ئەو كەناڵە بەسەرسوڕمانەوە دەڵێت وەزیری دارایی و ئابووری چی بۆ چەمچەماڵ کردووە."
وەزارەتەکە دەڵێت: لەماوەی شەش ساڵ و پێنج مانگی ڕابردوودا سەرباری هەموو ئەو کێشە و قەیرانانەی کە بەهۆی ئابڵوقەی ئابووری عێراقی فیدراڵەوە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، لە سنووری چەمچەماڵ و دەوروبەری یەک بەرد نەخراوەتە سەر بەردێک بە بێ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە بودجەی دیاریکراوی عێراق بۆ ساڵەکانی (2025،2024،2023) کە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر داوە، بەهەموو لایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لە بڕگەی تایبەت بە (مینح و ئیعانات)ـدا هیچ پشکێکی بۆ حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دانەناوە (بەخشین)، بۆیە نە حکوومەتی هەرێم و نە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە سنووری بوودجەی دیاریکراودا مافی هیچ جۆرە بەخشینێکی نییە.
جەختی لەوەش کردەوە، "بۆ کەناڵ 8ـی بێ زانیاری دەکرێت بگەڕێنەوە بۆ ناوەرۆکی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی".
وەزارەتی دارایی و ئابووری، باسی لەوە کرد، کەناڵ 8 و هاوشێوە پۆپۆلیستەکانی دەتوانن بەدواداچوون بۆ دەرئەنجامی کارەکانی وەزارەتەکە لە سنووری چەمچەماڵ بکەن، هەروەها سەردانی زانکۆی چەرموو بکەن هەتا یەک بەیەکی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بکەن و بزانن ئەوەی بەبێ دەنگ و ب ەکرداری خزمەتی چەمچەماڵ و دەوروبەرەکەی کردووە کێ بوون.
هاوکات دووتی کردەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری بەشێک نییە لە کێشە و ململانێ سیاسییەکان، لە ماوەی ڕابردوودا بێلایەنی خۆی پاراستووە و دەیپارێزێت، تەنیا ڕێگەی کوردایەتی گرتووەتەبەر و لێی لانادات، بۆیە چەند بارەی دەکاتەوە کە وەزارەتەکە لە کێشمەکێشمی سیاسی و مزایەدات دوور بخەنەوە.
وەزارەتی دارایی دەشڵێت: پێمان وایە ئەگەر گرنگیپێدانی وەزارەتکەمان نەبووایە کارەساتی چەمچەماڵ گەورەتر دەبوو.
جەختیشی کردەوە، هەر کەس و لایەنێک تەشهیر و بوختان بە وەزارەت بکات، وەزارەتەکە بێ وەڵام نابێت.
دەقی ڕاگەیرناوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان:
وەزارەتی دارایی تێکەڵ بە کێشە و ململانێ سیاسییەکان مەکەن
وەڵامێک بۆ کەناڵ ( 8 )
لەمیانی گەشتی هەواڵەکانی ڕۆژی دووشەممەی کاتژمێر ( 12 ) ی کەناڵ ( 8) دا یەکێک لە بێژەرانی ئەو كەناڵە بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت وەزیری دارایی و ئابووری چی بۆ چەمچەماڵ کردووە.
بەپێویستمانزانی بۆ ئەو کەناڵە و بێژەرەکەی و ڕای گشتی ئەم ڕاستییانەی خوارەوە بخەینەڕوو.
1- لەبوودجەی دیاریکراوی عێراق بۆ ساڵەکانی (2025،2024،2023) کە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەرداوە بەهەموو لایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لە بڕگەی تایبەت بە ( مینح و ئیعانات ) دا هیچ پشکێکی بۆ حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دانەناوە ( بەخشین ) ، بۆیە نەحکومەتی هەرێم و نە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە سنووری بوودجەی دیاریکراودا مافی هیچ جۆرە بەخشینێکی نییە ( بۆ کەناڵی8ـی بێ زانیاری دەکرێت بگەڕێنەوە بۆ ناوەڕۆکی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی.
2- وەزارەتی دارایی و ئابووری وەک لایەنێکی فەرمی حکومەتی هەرێم هەر بوودجە و پارەیەک تەرخان بکات بۆ هەر ناوچەیەک بێجگە لە پابەند بوون بە خاڵی یەکەم ، دەبێت بە پێی ڕێکار و یاسا و رێنماییەکانی حکومەتی هەرێم بێت و لە رێی پێشکەش کردنی داواکاری فەرمییەوە بێت .
3- لەماوەی شەش ساڵ و پێنج مانگی ڕابردوودا سەرباری هەموو ئەو کێشە و قەیرانانەی کە بەهۆی ئابڵوقەی ئابووری عێراقی فیدراڵەوە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە ، لەسنووری چەمچەماڵ و دەورو بەری یەک بەرد نەخراوەتە سەر بەردێک بەبێ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان.
٤- تەنیا لە ساڵی 2025 دا وەک وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕەزامەندیمان لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی 160 ملیار دینار بۆ سێکتەرە خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە ( چەمچەماڵ ) داوە، کە زۆرینەیان بەر سێکتەری شارەوانی و ڕێگاوبان کەوتووە، ئەوە جگە تەرخانکردنی ملیاران دیناری تر بۆ سێکتەرەکانی تەندروستی و کشتوکاڵ و پەروەردە و کارەبا و خوێندنی باڵا.. هتد.....
بۆ ڕاستی و دروستی دەکرێت کەناڵ ( 8 ) بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو فەرمانگانە بکات.
5- وەک وەبیرهێنانەوەیەک، ئەوە وەزارەت و وەزیری دارایی بوون، کە دوا شەڕیان لەسەر خەرجکردنی بوودجە بۆ پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ کرد و ڕێگریەکەش لەبندەستی چەمچەماڵەوە بوو بەتەرخان نەکردنی سیولەی پێویست بۆی .
6-کەناڵی ( 8 ) و هاوشێوە پۆپۆلیستەکانی دەتوانن بەدواداچوون بۆ دەرئەنجامی کارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە سنووری چەمچەماڵ بکەن، سەردانی زانکۆی چەرموو بکەن هەتا یەک بەیەکی فەرمانگە خزمەتگوزاریەکان بکەن و بزانن ئەوەی بەبێ دەنگ و بەکرداری خزمەتی چەمچەماڵ و دەوروبەرەکەی کردووە کێ بوون ؟.
وەک هەمیشە دووپاتی دەکەینەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری بەشێک نییە لە کێشە و ململانێ سیاسییەکان، لەماوەی ڕابردوودا بێلایەنی خۆی پاراستووە و دەیپارێزێت، تەنیا ڕێگەی کوردایەتی گرتووەتەبەر و لێی لانادات، بۆیە چەند بارەی دەکەینەوە ئێمە لە کێشمەکێشمی سیاسی و مزایەدات دوور بخەنەوە.
پێشمان وایە ئەگەر گرنگیپێدانی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان نەبوایە کارەساتی چەمچەماڵ گەورەتر دەبوو.
دوا خزمەت کە وەزارەتی دارایی و ئابووری پێشکەش بە چەمچەماڵی کردبێت، لەسەر داوای سەرۆکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری چەمچەماڵ پێشینەی هەموو فەرمانگەکانی سنووری چەمچەماڵی بە ( استثناء ) خەرج کردووە پێش هەموو دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان.
بەکورتی و بەپوختی هەرچی لەدەسەڵاتی وەزارەتی دارایی بێت بۆ ئەو ناوچەیە کردوویەتی و لەمەودواش ئەیکات ، هەموو ڕێگریەکانیش نەک لە وەزارەتی دارایی نییە بەڵکوو لەدەوروبەری چەمچەماڵ بوون.
جەختیش دەکەینەوە هەرکەس و لایەنێک تەشهیر و بوختان بە وەزارەتمان بکات بێ وەڵام نابین.
