هەسەدە بە هاوکاری هاوپەیمانان شانەیەکی مەترسیداری داعشی لە دێرەزوور هەڵوەشاندەوە
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند: بە پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی وردیان لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور ئەنجام داوە و لە ئەنجامدا شانەیەکی مەترسیداری تیرۆریستانی داعشیان هەڵوەشاندووەتەوە.
هەسەدە ڕایدەگەیەنێت: تیمەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی (TOL) سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لە شارۆچکەی زبیان ئۆپەراسیۆنەکەیان جێبەجێ کرد.
ئاماژەی بەوە کردووە، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی ورد لەسەر جووڵەی ئەندامانی شانەکە، هێزەکان گەمارۆیەکی توندیان خستە سەر پێگەکەیان، سەرەڕای داوای خۆبەدەستەوەدان، چەکدارەکان دەستیان بە تەقە کرد و شەڕ و پێکدادان ڕوویدا، کە لە ئەنجامدا سێ تیرۆریست کوژران و پێنج کەسی دیکەش دەستگیرکران.
دەستگیرکراوەکان بریتین لە: مازن سەریح (ئەبو وافی)، فادی سەریح (ئەبو مەئموون)، مەدین سالم، عەلاوی عەبدولڕەحمان(عەلی) و ئەمجهد سەریح (ئەبو عەلی).
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، ئەم شانەیە ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە گواستنەوە و دروستکردنی تەقەمەنی و بۆمبی چێنراو، هەروەها ئامادەکردنی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو.
هەروەها پلانیان هەبووە هێرش بکەنە سەر خاڵە سەربازییەکان، دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و هاووڵاتیانی مەدەنی لە ناوچەکەدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات دووپاتی دەکەنەوە کە بەردەوام دەبن لە ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی داعش و لێدانی ژێرخانی تیرۆر، بە ئامانجی چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیریی تهواو لە ناوچەکەدا.
