ئۆکرانیا لە شارێکی دیکەی ستراتیژی کشایەوە

سوپای ئۆکرانیا بە فەرمی کشانەوەی هێزەکانی لە شاری ستراتیژیی سیڤێرسک لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ڕاگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ڕووسیا هێرشێکی چڕیان دەستپێکردووە و هەڕەشە لە شارە سەرەکییەکانی هێڵی بەرگریی ئۆکرانیا دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی کانوونی یەکەمی 2025، دەستەی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بەهۆی باڵادەستیی ژمارەیی هێزەکانی ڕووسیا و فشاری بەردەوامی گرووپە هێرشبەرەکان لە کەشوهەوای سەختدا، هێزەکانمان کشاندووەتەوە. باسی لەوەش کرد، ئامانج لە کشانەوەکە پاراستنی گیانی سەربازەکان و کەرەستە سەربازییەکان بووە، ئەگەرچی زیانێکی زۆریشیان بە هێزەکانی ڕووسیا گەیاندووە.

کەوتنی شاری سیڤێرسک هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئۆکرانیا تا بەپەلە دانوستانی ئاشتی دەستپێبکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگێک کە نزیکەی چوار ساڵە بەردەوامە.

بە کۆنترۆڵکردنی سیڤێرسک، ئێستا هێزەکانی ڕووسیا زیاتر لە شاری سلۆڤیانسک نزیک بوونەتەوە کە تەنیا 30 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاواوە دوورە. سلۆڤیانسک شارێکی سەرەکیی باکووری ئەو زنجیرەیەیە کە بە "هێڵی قەڵاکان" ناسراوە؛ کە بریتییە لە زنجیرەیەک شاری بەهێز پارێزراو سەنگەربەندی بۆ کراو لە هەرێمی پیشەسازیی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا. ڕووسیا وەک مەرجێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، داوای لە ئۆکرانیا کردووە دەستبەرداری ئەم ناوچەیە ببێت."

پێشتر لەم مانگەدا ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، سیڤێرسکی کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام ئەوکات کیێڤ ڕەتی کردبووەوە. گرووپی چاودێریی ئۆکرانی پشتڕاستی کردووەتەوە کە ڕووسیا لەم مانگەدا پێشڕەوی کردووە.

هاوکات شەڕێکی سەخت لە دەوروبەری شاری پۆکرۆڤسک بەردەوامە، کە پێشتر ناوەندێکی سەرەکیی لۆجستی بووە و هێزەکانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاندووە بەرپەرچی هێرشێکی گەورەی میکانیزەی ڕووسیایان لەو ناوچەیە داوەتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل