پارێزگاری دهۆک بۆ لەیلا زانا: هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر جێگەی شانازییە
پارێزگاری دهۆک پەیامێکی پشتیوانی ئاراستەی لەیلا زانا، سیاسەتمەداری دیاری باکووری کوردستان کرد و وەڵامی ئەو هێرشە ڕەگەزپەرستیانەی دایەوە کە دەکرێنە سەری.
سێشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە پەیامەکەیدا کە وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر لەیلا زانا ڕایگەیاندووە: هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر کەسوکاری ئێمەیە و جێگەی شانازی و سەربەرزییە.
پارێزگاری دهۆک بەم پەیامە جەختی لە هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆی کردووەتەوە بۆ ئەو سیاسەتمەدارە و ڕەت کردنەوەی هەر جۆرە هێرشێکی ڕەگەزپەرستی بۆ سەر کوردانی نیشتمانپەروەر.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە 16ـی ئەم مانگە لە کاتی بەڕێوەچوونی یاری نێوان هەردوو یانەی بوڕساسپۆر و سۆماسپۆر، لەلایەن هاندەرانی بوڕساسپۆر بە دروشم و وشەی نەشیاو بێڕێزی بە لەیلا زانا کرا بوو.
پێشتریش، یڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا، لە لێدوانێکدا سەبارەت بەو دروشمە ناڕەوایانەی ئاراستەی لەیلا زانا کراون، ڕایگەیاندبوو، هەموومان دەمانەوێت پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر سەرکەوتوو بێت، هەر بۆیە ناخوازین هیچ هەڵوێست و ڕەفتارێک ببێتە هۆی زیانگەیاندن بەم پرۆسەیە. ئاماژەی بەوەش کردبوو، پێویستە لەم کاتە گرنگەدا هەمووان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەم بابەتە کار دەکەن و شیکردنەوە بۆ تۆمارە دەنگییەکان و وردەکاریی ئەو ڕووداوانە دەکرێت کە بێڕێزییان تێدا بووە، تاوەکوو لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ بکەرانی ئەو ڕەفتارانەدا بکرێت.
هەروەها، دەوڵەتی باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) گوتی: ئەو سووکایەتی و بێڕێزییەی بە لەیلا زانا کراوە، ڕەفتارێکی بێڕەوشتییە و خزمەتی یەکگرتوویی تورکیا ناکات.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ڕاگەیەنراوێکی نارەزایی لەبارەی ئەو بێرێزییانە دەرکردووە و بە توندی سەرکۆنەی ئەو بێرێزییانە دەکات کە لەیلا زانای کردبووە ئامانج، داواش لە وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد لێکۆڵینەوە لەو کردەوەیە بکەن و ئەم زمانە ژەهراوییە کە لە یارییەکی تۆپی پێدا بەکارهێندراووە، دەربڕینی عەقڵیەتێکی ڕەگەزپەرستی و فاشیستە
پارێزگار، سەرجەم ستافی یانەی دھۆک و ھاندەران پاڵپشتی خۆیان بۆ لەیلا زانا دەربڕی pic.twitter.com/JwK6QJY6Ht
— Kurdistan24 (@kurdistan24tv) December 23, 2025
