پارێزگاری هەولێر: بڕیاری بە کوردی کردنی تابلۆی شوێنە بازرگانییەکان پڕۆسەیەکی نیشتمانییە و بەردەوام دەبێت

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لەپێناو پارێزگاریکردن لە زمانی دایک و جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرجەم شوێن و ناوەندە بازرگانییەکان پابەند کراون بەوەی زمانی کوردی زمانی سەرەکیی سەر تابلۆکانیان بێت.

شەممە 21ی شوباتی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیان،: لە 21ی شوباتی 2023ەوە بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری پارێزگاریکردن لە زمانی دایک دەرچووە کە خۆی لە دوو ئاستدا دەبینێتەوە؛ ئاستی یەکەم پارێزگاریکردنە لە شوناسی نیشتمانی لە شوێنە گشتییەکان، ئاستی دووەمیش پەیوەستە بە ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکانەوە.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە لیژنەیەکی باڵا لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر پێکهێنراوە و چاودێری پڕۆسەکە دەکەن. گوتیشی: ئەمە هەڵمەتێکی کاتی نییە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، بەڵکوو پڕۆسەیەکی بەردەوامە و وەک ئەرکێکی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

دەربارەی بەدەنگەوەهاتنی هاووڵاتییان بۆ بڕیارەکە، ئومێد خۆشناو دەڵێت: خۆشبەختانە بازرگانان، دووکاندار و کاسبکارانی شاری هەولێر بەشێکی گرنگ بوون لە سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە و زۆربەیان تابلۆکانیان گۆڕیوە، بەشێوەیەک کە زمانی کوردی زمانی زەق و دیاری سەر تابلۆکانە و دواتر زمانەکانی دیکە بەکارهاتوون.