روانگەی سووری بۆ کوردستان24: ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەکشێتەوە

روانگەی سووری بۆ کوردستان24، رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا دەستیان کردووە بە کشانەوە لە بنکەی "قەسرەک" کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی حەسەکە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بنکەکە لە چەند کاتژمێری رابردوودا جموجۆڵێکی لۆجستی چڕی بەخۆوە بینیوە.

شەممە 21ـی شوباتی 2026، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە کوردستان24ـی رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە پارێزگای حەسەکە دەستیان کردووە بە کشانەوەی هێزەکانیان بەرەو هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی 100 بارهەڵگر لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە گەیشتوونەتە بنکەکە و دەستیان کردووە بە بارکردنی کەلوپەل و ئامێرەکان وەک ئامادەکارییەک بۆ جێهێشتنی شوێنەکە. 

روانگەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، نزیکەی 100 ئامێری قورس بە بارکراوی لە بنکەکە چوونەتە دەرەوە، لە چوارچێوەی کاروانێکدا کە لە رێگەی دەروازەی سنووریی "ئەلوەلید"ەوە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتووە.

داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پرۆسەی کشانەوەکە بە کردەیی دەستی پێکردووە، بەبێ ئەوەی تا ئێستا لایەنی ئەمریکی هیچ لێدوانێکی فەرمی بدات سەبارەت بە سروشتی ئەم جموجۆڵانە و ئاخۆ کشانەوەیەکی تەواوەتییە یان تەنها دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزەکانە لە ناوچەکەدا.