بە پاڵپشتیی ئەڵمانیا، سیمای قشڵەی ئاکرێ دەگۆڕدرێت

باڵەخانە مێژووییەکەی قشڵەی ئاکرێ، لە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان ڕێکخراوێکی ئەڵمانی و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری ئاکرێدا، نۆژەن دەکرێتەوە و دەبێتە مۆزەخانە.

قۆناغی یەکەمی کارەکان دەستی پێکردووە، تیمەکان سەرقاڵی پاککردنەوە و ئامادەکاریی سەرەتایین. ئامانج لەم قۆناغە پتەوکردنی بناغەی باڵەخانە دێرینەکەیە، دەرگا و دیوار و بەشە سەرەکییەکانی دەپارێزرێن لە داڕمان. پڕۆژەکە هەلی کاری بۆ دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگاکانی ناوچەکە دابین کردووە.

کاری هاوبەشی نێوان ڕێکخراوە ئەڵمانییەکە و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری ئاکرێ، ئامانجی کۆتایی گۆڕینی باڵەخانەکەیە بۆ مۆزەخانەیەکی گەشتیاری و ڕۆشنبیریی گرنگ.

هیوا شەماڵ، بەرپرسی تیمی شوێنەوارناسان لە ئاکرێ، بە ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پلانیان هەیە دوو مۆزەخانەی شوێنەواری و کەلەپووری لەنێو قشڵەکەدا بکەنەوە. ئەم هەنگاوە دەرفەت بۆ نمایشکردنی ئەو پارچە شوێنەوارییانە دەڕەخسێنێت لە سنووری ئاکرێ دۆزراونەتەوە، هەروەها دەبێتە ناوەندێکی گەشتیاریی زیندوو.

باڵەخانەی قشڵەی ئاکرێ مێژووەکەی بۆ سەردەمی عوسمانی دەگەڕێتەوە. حکوومەتی عێراقی لە ساڵی 1933دا تۆماری کردووە و کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ ئەنجام داوە. بەدرێژایی ساڵان، باڵەخانەکە بەهۆی کاریگەریی سروشت و دەستی مرۆڤەوە ڕووبەڕووی زیان ببووەوە.

بەرپرسانی ئیدارەی ناوچەکە گەشبینن، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و گۆڕینی قشڵە بۆ مۆزەخانە، کەرتی گەشتیاریی ئاکرێ دەبووژێنێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەم شوێنەوارە مێژووییە ببێتە هۆکارێک بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی بۆ شارەکە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا، گرنگییەکی تایبەتی بە پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ناوچە شوێنەوارییەکان داوە. لەم چوارچێوەیەدا، لە ساڵی 2021 بڕی 166 ملیۆن دینار بۆ قۆناغی یەکەمی نۆژەنکردنەوەی قشڵەی ئاکرێ تەرخان کرا. 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل