شەپۆلێکی بەفر و باران ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ کۆتایی ئەم مانگە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە کۆتایی هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بارانبارین و بەفربارین ناوچەکە دەگرێتەوە و لە هەندێک ناوچە پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کەشناسی کە ئەمڕۆ، چوارشەممە 24-12-2025، دەرچووە، هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی شەممە، 27ی کانوونی یەکەم، دەکەوێتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی باران و بەفر بارین کە تا ڕۆژی سێشەممە، 30ی مانگ، بەردەوام دەبێت.

سەرچاوەی شەپۆلەکە بارستە هەوایەکی ساردی دەریای ناوەڕاستە و لە سەرەتادا کاریگەرییەکەی نزم دەبێت، بەڵام بە شێوەی بەفربارین و نمە باران لەسەر ناوچە سنوورییە شاخاوییە بەرزەکان دەست پێدەکات.

 

کاریگەریی شەپۆلەکە لە ڕۆژانی دواتردا زیاتر دەبێت:

- لوتکەی شەپۆلەکە: بەپێی پێشبینییەکان، ڕۆژی دووشەممە، 29ی مانگ، شەپۆلەکە دەگاتە لوتکە و زۆرترین ماوەی باران و بەفر لەو ڕۆژەدا دەبارێت و ئاستی بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکان مامناوەند دەبێت.
- دابەزینی پلەکانی گەرما: ڕۆژی سێشەممە، 30ی مانگ، پلەکانی گەرما نزمبوونەوەی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینن، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان کە پلەی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزێت.
- بەفر لە سەنتەری شارەکان: لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، ئەگەری بارینی بەفر بە تێکەڵی لەگەڵ نمە باران (سلێت) لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک هەیە.
 

هۆشداری لەبارەی خێرایی با

کەشناسی هۆشداریی داوە لەبارەی زیادبوونی خێرایی با لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، کە پێشبینی دەکرێت خێراییەکەی بگاتە سەرووی 40 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، ئەمەش وا دەکات هەست بە سەرما و سۆڵەیەکی زیاتر بکرێت.

شەپۆلەکە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، 30-12-2025، کۆتایی دێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل