گرنگترین سەردانە نێودەوڵەتییەکانی مەسرور بارزانی لە ساڵی 2025
لە ساڵی 2025ـ، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە ڕێگەی ژمارەیەک سەردانی ستراتیژی بۆ پایتەختە گەورەکانی جیهان و ناوچەکە، توانی پێگەی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا پتەوتر بکات.
سەردانەکانی مەسرور بارزانی لە ساڵی 2025 ڕەهەندی جیاوازیان هەبوو، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە و جیهان بوو.
وردەکاریی سەردانەکان
-----------------------
1. تورکیا؛ دەستپێکی ساڵێکی سیاسی (7ی کانوونی دووەم):
سەرەتای ساڵ بە سەردانێک بۆ ئەنقەرە دەستی پێکرد. لەم سەردانەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا؛ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیران، بریتی بوون لە پرسی ئاسایشی سنوورەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
2. ئیمارات؛ پتەوکردنی دۆستایەتی و پەیوەندییە بازرگانییەکان ( 19ی کانوونی دووەم - 05ـی کانوونی یەکەم) :
ڕۆژی 19ـی کانوونی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری ئەبوزەبی لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو (ئیمارات) کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا و جەخت لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات و پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرایەوە.
سەرۆک وەزیران هەر لەمساڵدا بۆ جاری دووەم سەردانی ئیماراتی کرد و ڕۆژی هەینی 5ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئیمارات، لە شاری ئەبوزەبی، لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو کۆبووەوە.
3. ئوردن؛ پەیوەندیی مێژوویی ( 19ی کانوونی دووەم):
ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئوردنی کرد و لە عەممانی پایتەخت لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن کۆبووەوە.
سەرۆک وەزیران لەبارەی دیدارەکەیان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' ڕایگەیاند "بەیەکەوە باسمان لە پەرەپێدانی پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد."
4. سویسرا؛ کردنەوەی "ماڵی کوردستان" (20-24ی کانوونی دووەم)
لە سویسرا، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی 'داڤۆس' سەرپەرشتیی کردنەوەی "ماڵی کوردستان"ی کرد.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک کۆماری ئازەربایجان، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا، سەرۆک وەزیرانی قەتەر، وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک، وەزیری وەبەرهێنانی سعوودییە، وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات، شاندێکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن و شاندێکی بەحرێن و چەندان بەرپرسی دیکەی جیهان کۆبووەوە.
5. قەتەر: بەهێزکردنی پەیوەندییەکان (24ـی ئادار)
ڕۆژی دووشەممە، 24ـی ئاداری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردان و بانهگێشتێکی فەرمی گەیشتە دەوحەی پایتەختی قەتەر و لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی قەتەڕ کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای تاوتوێکردنی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە، بیروڕاشیان لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی قەتەر ئاڵوگۆڕ کرد.
6. ئەمەریکا؛ هاوپەیمانی دوولایەنە (18-27ی ئایار)
ڕۆژی یەکشەممە، 18ـی ئایاری 2025، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە واشنتن و لەگەڵ مارکو روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی، وەزیرەکانی کابینەی حکوومەت و ژمارەیەک کۆنگرێسمان و سیناتۆر کۆبووەوە.
ئەنجامی سەردانەکە بەڵێنی بەردەوامیی پشتگیریی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هاندانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان بوو.
هەر لەو سەردانەدا، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی ئیمزاکردنی دوو گرێبەستی بواری وزەی کرد لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئەنەرجی) و (وێستێرن زاگرۆس) کە بەهاکەیان دەیان ملیار دۆلارە و کاریگەرییەکی ئەرێنییان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزەی هەرێمی کوردستان دەبێت.
مەسرور بارزانی باسی لە ئامانجی گەشتەکەی بۆ ئەمەریکا کرد و گوتی: “ویستمان بگەڕێینەوە ئێرە بۆ واشنتن تاوەکو سوپاس و پێزانینی خۆمان دەرببڕین بۆ سەرۆک، حکوومەت، هێزە چەکدارەکان و گەلی ئەمەریکا لە بەرامبەر پشتیوانی بەردەوامیان بۆ ئێمە؛ هەروەها بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونمان وەک هاوپەیمان، دۆست و هاوبەشی ئەمەریکا.”
7. میسر؛ کردنەوەی دەرگای ئەفریقا (20ی کانوونی یەکەم)
ڕۆژی یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی کۆماری لە قاهیرە، لەگەڵ عەبدولفەتتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر کۆبووەوە.
سەرۆکی حکوومەت ستایشی ڕۆڵی میسر و سەرۆک سیسی لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا کرد. لە کۆبوونەوەدا جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و میسر لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا کرايهوه.
