شەرع سیاسەتی ڕەشبگیریی سەردەمی ئەسەد درێژە پێدەدات

دیمەنی گشتیی زیندانی سیدنایا
دیمەنی گشتیی زیندانی سیدنایا

سەرباری ئەوەی حکوومەتی تازەی سووریا، بەڵێنی کۆتایی هێنانی قۆناغی حوکمڕانیی ڕژێمی ئەسەد و گەڕانەوەی ئازادیی بە گەلی سووریا دا، بەڵام ڕاپۆرتەکان پێچەوانەی ئەو بەڵینە دەسەلمێنن.

چوارشەممە، 24ـی کانوونی یەکەم 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی "لە کاتێکدا سوورییەکان لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا، هەڵیان دەکوتایە سەر زیندانەکانی ڕژێمی پێشوو بۆ گەڕان بە دوای ئازیزانیاندا کە لەژێر حوکمی ئەسەددا دەستگیر کرابوون، هەزاران سەرباز و ئەفسەری سوپای پێشووی سووریا، لەلایەن گرووپە بەرهەڵستکارەکانەوە دەستگیر کران."

لە ناوەڕاستی زستانیشدا، دەسەڵاتی تازەی سووریا، سەدان پیاویان لە تایەفەی عەلەوییەکان، کە بنەماڵەی ئەسەد سەر بەوان بوون، لە سەرانسەری سووریادا دەستگیر کرد. لە مانگی ئاداری ڕابردوو، ڕاپەڕێنێکی کورت لە ناوچە عەلەوی نشینەکانی کەناراوی سووریا ڕووی دا و تێیدا دەیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی نوێی سووریا کوژران. بەمەش هەڵمەتێکی تۆڵەسەندنەوە دەستی پێ کرد، کە تێیدا زیاتر لە هەزار و 500 عەلەوی کوژران و تا ئەمڕۆش دەستگیرکردنی عەلەوییەکان بەردەوامە.

هاوینی ڕابردوو، نۆرە گەیشتە کەمینەی دروز لە باشووری سووریا، پاش سەرهەڵدانی پێکدادن لە نێوان بەدەوییەکان و دروزەکاندا؛ بەدەوییەکان، بە پشتیوانیی سوپای سووریا کەوتنە کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر ماڵ و گیانی پێکهاتەی دروز.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز، لەوەتەی ڕژێمی ئەسەد ڕووخاوە، لانیکەم  829 کەس بە هۆکاری ئەمنی دەستگیر کراون. ئەمەش بە پشت بەستن بە چاوپێکەوتن لەگەڵ دەستگیرکراوە ئازادکراوەکان و ئەندامانی خێزانی دەستگیرکراوان.

 ڕۆیتەرز، پێداچوونەوەی بە لیستە تەواونەکراوەکانی ناوی دەستگیرکراواندا کردووە؛ ئەو لیستانە لەلایەن کەسانێکەوە ئامادە کراون کە سەردانی خێزانییان بۆ حەوت ناوەندی دەستبەسەرکردن، کردووە.

چاوپێکەوتنەکان و لیستەکانی دەستگیرکراوان و شایەتحاڵەکان سەبارەت بە قەرەباڵغیی زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن، ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی دەستگیرکراوان بە هۆکاری ئەمنی، زۆر زیاترە لەو ژمارەیەی کە ڕۆیتەرز توانیویەتی کۆی بکاتەوە.

ڕۆیتەرز، چاوپێکەوتنی لەگەڵ 14 خێزاندا کردووە و تەماشای ئەو نامانەی کردووە کە پاسەوانانی زیندانەکان، یان ناوەندگیرەکان، بۆ پێنج خێزانی دەستبەسەرکراوەکانیان ناردووە و داوای پارەیان لێ کردوون بەرانبەر ئازادکردنی کەسەکانیان.

 

لە کانوونی یەکەمی 2024، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، بەڵێنی داخستنی 'زیندانە بەدناوەکانی' سەردەمی ئەسەدی دا، بەڵام لێکۆڵینەوەکەی ڕۆیتەرز دەریخستووە، لانیکەم 28 زیندان و ناوەندی دەستبەسەرکردنی سەردەمی ئەسەد، لە ساڵی ڕابردوودا پڕ لە دەستگیرکراوان کراونەتەوە.

حکوومەتی سوریا بۆ پاساوی ئەوە، ڕایگەیاند "لە قۆناغی دوای ئەسەد ئێمە پێویستمان بە سەرلەنوێ بنیادنانەوەی دامەزراوە یاسایی و دادوەری و ئەمنییەکان هەیە؛ لێرەدا وەک دەرەنجامێکی سروشتی و حەتمی بۆ ئەم واقعە سەختە، هەندێک بۆشایی دروست دەبن کە دەبنە هۆی ڕوودانی ئەنجامی نەرێیی کە هەندێک جار، پێچەوانەی سیاسەتەکانی دەوڵەتن".

کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی 5ـی ئەم مانگە، ڕایگەیاند " پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، دەیان ڕاپۆرتی دڵهەژێنی سەبارەت بە لەسێدارەدان بەبێ دادگایی، کوشتنی هەڕەمەکی و ڕفاندن، پێ گەیشتووە."

سەمین خێتان، گوتەبێژی کۆمیسیۆنەکە، بە ڕۆیتەرزی گوت: لە توانادا نییە تۆمارێکی گشتگیر بۆ حاڵەتەکانی دەستبەسەرکردنی ئەمنی ئامادە بکرێت و هێشتا زەحمەتە بە وردی ژمارەی دەستبەسەرکراوەکان یان ژمارەی ئەوانەی ئازادکراون یاخود ئەو حاڵەتانەی لەوانەیە لە چوارچێوەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ پۆلێن بکرێن، دەستنیشان بکەین؛ چونکە زۆریک لە کەسوکاری زیندانییەکان دەترسن و ناوێرن زانیاریی پێویست بخەنە بەردەست."

داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەڵێن "دەستگیرکردن و ڕفاندنی هەڕەمەکیی بە کۆمەڵ، ناوبانگی حکوومەتەکەی شەرعی لەکەدار کردووە. لە کاتێکدا ئەحمەد شەرع، پێشتر بەڵێنی ڕزگارکردنی گەلی سووریای لە پێنج دەیە حوکمی بنەماڵەی ئەسەدی بە خەڵک دابوو، بەڵام وا دیارە حکوومەتەکەی لە بەجێ گەیاندنی ئەو بەڵینەدا ڕاستگۆ نییە."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل