سەرۆکی یەکێتیی زانایان: لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا مایەی خۆشحاڵیی ئێمەشە

عەبدوڵڵا وەیسی، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا لە کریستیانەکان، ڕایدەگەیەنێت کە پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدایە و هەموو پێکهاتەکان لە خۆشی و ناخۆشیدا بەشداریی یەکتر دەکەن.

چوارشەممە 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، ئایینی ئیسلام هەمیشە داکۆکی لە پێکەوەژیان کردووەتەوە و خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان تەواوی پێکهاتەکان وەک برا لەگەڵ یەکتر دەژین.

سەرۆکی یەکێتیی زانایان گوتی: ئامادەبوونی ئێمە لە بۆنە و پرسەکانی خوشک و برایانی پێکهاتەکان، شایەتی ئەو ڕاستییەیە کە پێکهاتەکانی کوردستان لێک نزیکن و کێشە و گرفت لە نێوانیاندا نییە، ئەمەش سەروەری و شانازییە بۆ ئێمە کە بە برایەتی لەسەر خاکێک دەژین.

لەبارەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا (کریسمس)، عەبدوڵڵا وەیسی پیرۆزبایی لە کریستیانەکانی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە دا: حەزرەتی عیسا یەکێکە لە پێغەمبەرانی خودا و ئێمە باوەڕمان پێیەتی و بە برای پێغەمبەری خۆمانی دەزانین، چونکە هەموو پێغەمبەران برای یەکن، بۆیە خۆشحاڵی دەربڕین بە بۆنەی لەدایکبوونی هەر پێغەمبەرێکەوە جێگەی شانازی و ئاساییە.

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەمووان هاوکار بن بۆ بەهێزترکردنی گیانی پێکەوەژیان و نەهێشتنی هەر گرفتێک کە زیان بەو تەباییە بگەیەنێت.

 

 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل