دۆناڵد ترەمپ: چەپە توندڕەوە وێرانکەرەکان، جەژنی ئێوەش پیرۆز بێت!
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەرفەتی ئاهەنگگێڕانی جەژنی کریسمسی قۆستەوە بۆ هێرشکردنە سەر نەیارە دیموکراتەکانی کە بە 'خڵتەی چەپی توندڕەو' ناویانی برد.
ترەمپ، ڕۆژی پێش کریسمسی لە شوێنی مانەوەی خۆی لە مارالاگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا بەسەر برد، لەوێ لەگەڵ فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی ئەمەریکای باکوور «نوراد» کۆ بووەوە و پەیامی پیرۆزبایی بۆ هێزەکانی ئەمەریکا، لە سەرانسەری جیهان نارد.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕکابەرە دیموکراتەکانیشی لەبیر نەکرد و لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ترووس سۆشیاڵ' نووسیویەتی "کریسمس لە هەمووان پیرۆز بێت، تەنانەت لە خڵتەی چەپی توندڕەویش کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ وێرانکردنی وڵاتەکەمان، بەڵام لەو کارەدا تووشی شکستێکی گەورە دەبن."
ترەمپ، لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت "ئیتر ئەو بێسەروبەرییە بەسەرچوو، لەمەودا پیاوان بەشداری لە وەرزشی ژناندا ناکەن، ئەوانەی ڕەگەزی خۆیان گۆڕیووە، هیچ مافێکیان نییە و یاسا بە توندی و جێبەجێ دەکرێت. ئەوەی ئێستا هەمانە بازاڕی پشک و پلانی پاشەکەوتی خانەنشینیی پێوانەییە، کەمترین ڕێژەی تاوانە لە ماوەی چەندین دەیەدا، نەبوونی هەڵاوسانە و دوێنێش، کۆی بەرهەمی ناوخۆیی گەیشتە 4.3% ، کە دوو خاڵ بەرزترە لەوەی پێشبینی دەکرا."
سەرۆکی ئەمەریکا، هەروەها پیرۆزبایی جەژنی کریسمسی ئاراستەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سەرانسەری جیهاندا کرد، بە تایبەتی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە دەریای کاریبی، ئەوانەی بە فەرمانی واشنتن، فشار دەخاتە سەر نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا بۆ ئەوەی ناچاری بکەن دەستبەرداری پۆستەکەی بێت.
