تورکیا.. 115 کەس بە گومانی پەیوەندیی بە داعش دەستگیر کران
پێنجشەممە، 25 کانوونی یەکەم، 2025، نووسینگەی داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ ڕایگەیاند، پۆلیسی تورکیا 115 کەسی دەستگیر کردووە بە گومانی پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام (داعش) و پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ئاهەنگێڕانی جەژنی سەری ساڵی نوێ لە وڵاتدا.
نووسینگەی داواکاری گشتیی ئەستنەبوڵ پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هاتووە "پۆلیسی ئەستەنبوڵ، زایناریی وردی پێگەیشتووە لەوەی ئەو کەسانە سەر بە داعشن و نەخشە و پلانیان بۆ هێرشکردنە سەر هاووڵاتییان دارشتووە، لە کاتی ئاهەنگێڕانیان بە بۆنەی جەژنەکانی کریسمس و سەری ساڵی نوێی زاینییەوە."
نووسینگەکە، زانیاریی زیاتری دەربارەی ناو و پیشە و شوێنی دانیشتنی دەستگیرکراوەکان ئاشکرا نەکردووە.
پێشتر، لە 8ـی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دوو مێرمنداڵیان بە گومانی دارشتنی پلانی هێرشی تیرۆریستی و پەیوەندیی بە ئەندامانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ئیستانبوڵ دەستگیر کرد، دوای ئەوەی پۆلیس بەڵگەی پەیوەندیی ئەو دوو مێردمنداڵەی بە چەکدارانی داعشـەوە لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی نامەناردنی بە کۆد، دۆزییەوە.
دەسەڵاتداران دەڵێن "لە کۆمپیوتەری یەکێک لە گومانلێکراوەکاندا فایلێک دۆزراوەتەوە کە ڕێنمایی دروستکردنی مۆلۆتۆڤ و تەقەمەنی، کەرەستە بۆ کۆکردنەوەی چەکی قەناس و مەشقی نیشانشکاندن و بڕێکی زۆر لە پڕوپاگەندە و ڤیدیۆی فێرکاریی پەیوەندیدار بە داعشـی تێدا بووە."
بە گوێرەی داتاکانی میدیای فەرمیی تورکیا، لە 10مانگی ڕابردوودا، پۆلیس تورکیا زیاتر لە سێ هەزار و 686 کەسی بە گومانی پەیوندیی لەگەڵ داعش دەستگیر کردووە، لەوانە 784 کەسیان لە لایەن دادگەوە فەرمانی زیندانیکردنیان بەسەردا سەپینراوە؛ ئەم ئامارە نیشانەی گەشەکردنی ڕێکخستنەکانی ئەو ڕێکخراوەیە لە تورکیا.
