یسرائیل کاتز: هەرگیز غەززە جێناهێڵین و بناغەی نیشتەجێبوون دادەمەزرێنین

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، هەرگیز سەربازەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ناکشێنەوە .

پێجشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ناوچەیەکی گرنگی ئەمنی لە کەرتی غەززە بۆ پاراستنی شار و شارۆچکەکانی ئیسرائیل و بناغەی نیشتەجێبوون لە بەشی باکووری کەرتی غەززە دادەمەزرێنێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپای ئیسرائیل هەرگیز لە غەززە ناکشێتەوە، بەڵکو لە غەززە ناوچەیەکی ئەمنی دروست دەکەن، تەنانەت دوای دەسپێکردنی قۆناغی هەڵوەشاندنەوەی حەماس و ژێرخانەکەی، سەربازەکانیان لە ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیژی کەرتەکە دەمێننەوە، بۆ پاراستن و پارێزگاری لەو شوێنانەی کە خەڵکی تێدا نیشتەجێدەبن، بە تایبەتی ئەو ناوچانەی ئیسرائیل، کە لە کەرتی غەززەوە زۆر نزیکن.

کاتز گوتویەتی:"لە بەشی باکووردا، بەپێی دیدگای من، لە داهاتوودا، بە شێوەیەکی ڕێکخراو، دەتوانرێت بناغەی نیشتەجێبوون لە کەرتی غەززە دابمەزرێنرێت، ئەمە ئەوەیە کە من پێشتر گوتومە، ئێستاش دەیڵێم، بەردەوامیش دەیڵێمەوە".

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "ڕۆژانی داهاتوو هەندێک هەوڵ دەدەن قسەکانم وەک ڕاگەیاندنی دەستبەجێی نیشتەجێبوون لە سەرتاسەری غەززە لێک بدەنەوە، من لێدوانەکانم ڕوونکردوەتەوە، پێویستیش بوو ئەوە بگەێنم، چونکە پێشهاتە سیاسییەکان و بابەتی دیکە لە یارییەکەدا هەن، بۆیە من بە وردی خاڵەکەم ڕوونکردەوە، هەروەها دووپاتمکردەوە کە دامەزراندنی بناغەی نیشتەجێبوون لە ڕادەبەدەر  بۆ ئیسرائیل گرنگە، چونکە ئەوە شتێکە کە دەتوانرێت لە کاتی خۆیدا لە کەرتی غەززە جێبەجێ بکرێت".

ئەم لێدوانەی یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل، تەواوکەری لێدوانەکانی پێشووتریەتی کە هەمیشە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل بە تەواوەتی لە خاکی غەززە ناکشێتەوە. 

دوو ڕۆژ پێشتر لە میانی مەراسیمێکدا بۆ دروستکردنی 1200 یەکەی نیشتەجێبوون لە "بەیت ئێل"، کاتز ڕایگەیاند: "هەرگیز لە تەواوی کەرتی غەززە ناکشێینەوە و چەند ناوەندێکی نیشتەجێبوون لە بەشی باکووری کەرتی غەززە دادەمەزرێنین.

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکردووە:"ئێمە لە کات و شوێنی گونجاودا بناغەی نیشتەجێبوون لە باکووری کەرتی غەززە دادەمەزرێنین، کەسانێک هەن خۆپیشاندان دژی قسە و بڕیارەکانی ئێمە دەکەن، بەڵام ئێمە بەرپرسیارین و دەزانین چی دەکەین و چی دەڵێین".

جەختی لەوە شکردەوە: "حکوومەتی ئێستای ئیسرائیل، حکوومەتێکی یەکلاکەرەوەیە، ئەگەر بتوانرێت سەروەری بەسەر کەرتی ڕۆژئاوادا بسەپێنین، ئەوا بێگومان کارێکی زۆر باشمان کردووە، ئێمە ئێستا لە قۆناغی سەروەری پراکتیکیداین، لە ئێستاشدا، بەهۆی ئەو هەڵوێست و هێزانەی کە ئیسرائیل دوای کارەساتی ترسناکی 7ـی ئۆکتۆبەر نیشانی داوە، دەرفەتی باشمان هەیە کە ماوەیەکی زۆرە بوونیان نەبووە".

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل