ڕووسیا ڤاکسینێکی نوێی دژە شێرپەنجە تاقیدەکاتەوە

وەزارەتی تەندروستی ڕووسیا ڕایگەیاند: ڤاکسینی (ئینتیرۆمیکس) کە تایبەتە بە چارەسەری گرێ شێرپەنجەییەکان، چووەتە قۆناغی یەکەمی تاقیکردنەوە کلینیکییەکان و ئێستا پزیشکان کار لەسەر دیاریکردنی کاریگەرییەکانی دەکەن.

ئەندرێ کابرین، گەورە پزیشکی پسپۆڕی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستیی ڕووسیا ئاشکرای کرد، ئێستا یەکەمین قۆناغی تاقیکردنەوە کلینیکییەکانی ڤاکسینی (Enteromix) لە سەنتەری نیشتمانی بۆ توێژینەوە پزیشکییە تیشکییەکان دەستیپێکردووە. ئاماژەی بەوەش دا، ئامانجی سەرەکیی ئەم قۆناغە دیاریکردنی وردی (ژەمە دەرمان) و هەڵسەنگاندنی ئاستی بەرگە گرتنی جەستەی مرۆڤە بۆ ڤاکسینەکە.

کابرین ڕایگەیاند: دوای تەواوبوونی ئەم قۆناغە و پەسەندکردنی، ڤاکسینەکە دەچینە قۆناغەکانی دووەم و سێیەم و لەسەر ژمارەیەکی زۆرتر لە نەخۆش تاقی دەکرێتەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە کاریگەرییە چارەسەرییەکانی، تەنیا دوای ئەو قۆناغانە دەرمانەکە دەخرێتە بازاڕەوە.

ئەو پزیشکە ڕووسییە جەختی لەوەش کردەوە، ئەمە پڕۆسەیەکی ستاندارد و جیهانییە و ناتوانرێت لە پێناو پاراستنی سەلامەتی نەخۆشەکان، پەلەی تێدا بکرێت.

ڤاکسینی ئینتیرۆمیکس، بە هاوبەشی لەلایەن شارەزایانی سەنتەری نیشتمانیی توێژینەوەی تیشکی و پەیمانگای ئینگلهاردت بۆ پسپۆریی بایۆلۆجی گەردیلەیی پەرەی پێدراوە، بەگوێرەی زانیارییە پزیشکییەکان، ڤاکسینەکە لە تاقیکردنەوە بەراییەکاندا (پێش کلینیکی) کاریگەرییەکی زۆر و ئومێدبەخشی نیشان داوە.

نەخۆشی شێرپەنجە دیارترینی ئەو نەخۆشییانەیە کە تا ئێستا چارەسەرێکی بنبڕی بۆ نەدۆزراوەتەوە، بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی بۆ لێکۆڵینەوە لە نەخۆشی شێرپەنجە،  لە ساڵی 2024 ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی شێرپەنجەوە لە سەرتاسەری جیهان 9.7 ملیۆن بووە و هەر لە هەمان ساڵدا 20 ملیۆن تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراوە و چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی 2050 ژمارەی تووشبووان ساڵانە بگاتە 35 ملیۆن و بەمەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2022 بە ڕێژەی 77% زیاد دەکات.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل