وەزارەتی تەندروستی ئێران: لە ماوەی نۆ رۆژی جەنگدا زیاتر لە 1,200 کەس کوژراون

وەزارەتی تەندروستی ئێران
وەزارەتی تەندروستی ئێران

وەزارەتی تەندروستی ئێران نوێترین ئاماری قوربانیانی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی راگەیاند و ئاشکرای کرد، تا ئێستا زیاتر لە 1,200 کەس کوژراون و 10,000 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە لە نێوانیان سەدان ژن و منداڵ هەن.

وەزارەتی تەندروستی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە نێو کوژراوەکاندا 200 منداڵ و 200 ژن هەن. راشیگەیاند کە هێرشەکان زیانی گەورەیان بە ژێرخانی تەندروستی وڵاتەکە گەیاندووە، بە شێوەیەک کە 25 نەخۆشخانە زیانیان بەرکەوتووە و 9یان بە تەواوی لەکارکەوتوون و چیدی ناتوانن خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن.

هەر بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا 18 بنکەی فریاگوزاریی سەرەتایی و 14 ئەمبوڵانس بە تەواوی تێکشکاون، ئەمەش کاری تیمە پزیشکییەکانی بۆ رزگارکردنی بریندارەکان قورستر کردووە.

ئەم پەرەسەندنانە دوای ئەوە دێن، کە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر تاران و چەندین شاری دیکەی وەک قوم، ئەسفەهان و کرماشان. لە بەرانبەردا ئێران رایگەیاند، وەک وەڵامدانەوەیەک چەندین پێگەی لە ناوخۆی ئیسرائیل کردووەتە ئامانج و هێرشی کردووەتە سەر ئەو شوێنانەی کە وەک "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" لە وڵاتانی ناوچەکە وەسفی کردوون.