عێراق ژمارەیەک ئەمبوڵانسی رەوانەی لوبنان کرد
وەزیری تەندروستی گشتی لوبنان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، 15 ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانسی وەک "دیاری" لە عێراق وەرگرت؛ ئەمەش لە چوارچێوەی پشتیوانیکردنی کەرتی تەندروستی لوبنان دێت کە لەم دۆخەدا رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، رەکان ناسرەدین، وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە "ئەم دەستپێشخەرییە پشتیوانییەکی گرنگە بۆ کەرتی تەندروستی، بەتایبەت دوای ئەو هێرشانەی کرانە سەر دامەزراوە تەندروستییەکان لە ماوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی رابردوودا."
رەکان ناسرەدین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ئەمبوڵانسانە دەخرێنە خزمەتی نەخۆشخانە حکوومییەکان لەو ناوچانەی زیانیان بەرکەوتووە، بە ئامانجی بەهێزکردنی تواناکانی فریاگوزاری و گواستنەوەی نەخۆش و ئاوارەکان و پێشکەشکردنی هاوکاری بە برینداران، هەروەها گوتی، "بەشێکی ئەم ئۆتۆمبێلانە تەرخان دەکرێن بۆ پشتیوانیکردنی تواناکانی بەرگری شارستانی لوبنان."
هەروەها وەزیری تەندروستی لوبنان ئەوەشی گوت، "بەغدا هەمیشە لە پشتیوانیکردنی لوبنان و کەرتی تەندروستییەکەی پێشەنگ بووە".
ئەم هاوکارییە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک دەستپێشخەری مرۆیی دێت کە عێراق لە کاتی قەیرانەکاندا پێشکەشی لوبنانی دەکات، ئەمەش لەپێناو بەهێزکردنی هاریکاری و هاوپشتی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەت لە بوارەکانی مرۆیی و تەندروستیدا.