حوسێن عەلاوی: لەگەڵ مۆسکۆ زانیاری دەربارەی ئەو عێراقییانە ئاڵوگۆڕ دەکەین کە چوونەتە ناو سوپای ڕووسیا
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بەغدا لە نزیکەوە چاودێری پرسی وەرگرتنی عێراقییەکان لە نێو سوپای ڕووسیادا دەکات.
هەینی، 26ـی کانوونی یەکەمی 2025، حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە کەناڵی ئەلعەربیيە ڕاگەیاند: نزیکەی پێنج هەزار عێراقی لە ڕیزی سوپای ڕووسیادا وەرگیراون، بەڵام بە دیاریکراوی ژمارەیان نازانرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، لەسەر هەمان بابەت، بەغدا و مۆسکۆ زانیارییەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن و عێراق دەیەوێت ڕێوشوێن بگرێتەبەر، بۆ ڕێگریکردن لە وەرگرتنی هاووڵاتیانی عێراقی لە سوپای ڕووسیادا.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق جەختی کردەوە یاسای عێراقی سزای زیندانیکردن بەسەر هەر کەسێکدا دەسەپێنێت کە بەبێ مۆڵەتی فەرمی حکوومەت بچێتە ڕیزی سوپای وڵاتێکی دیکەوە.
فایەق زێدان، باسی لەوەش کردبوو، گفتوگۆکانیان لەسەر ڕێگا یاساییەکان بووە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی تێوەگلاون لە ململانێکانی دەرەوەی عێراق، بەتایبەتی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا.
لەلای خۆیەوە، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەشداریکردنی عێراقییەکان لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا کردووە، لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی هەبوونی ڕاپۆرت لەسەر بەشداری کردەیی گەنجان لە شەڕەکەدا.
هەروەها باڵیۆزی ئۆکرانیا لە بەغدا داوای کرد گەنجانی عێراقی نەکرێنە "سووتەمەنی" جەنگەکە و هۆشداریشی دا لە ئەنجامەکانی ناردنیان بۆ شەڕ لە دەرەوەی وڵات.
باڵیۆزی ئۆکرانیا گوتیشی: تەنیا لایەنێک کە عێراقییەکان وەردەگرێت بۆ شەڕ، خودی ڕووسیایە و جەختی کردەوە کە ئۆکرانیا عێراقییەکان وەرناگرێت، چونکە ڕێز لە یاساکانی عێراق و پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی دەگرێت.
