تەقینەوەیەک لەنێو مزگەوتێکی حمس ڕوویدا
لە تەقینەوەی نێو مزگەوتەکەی حمس چەندین کوژراو و بریندار هەیە، هێزە ئەمنییەکانیش دەستییان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
لە کاتی بەڕێوەچوونی نوێژی هەینیدا، تەقینەوەیەکی بەهێز یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری حمسی لە ناوەڕاستی سووریا هەژاند و بەهۆیەوە چەندین کەس بوونە قوربانی و زیانی ماددی زۆریش بە شوێنەکە گەیشت.
ئەمڕۆ هەینی 26ی کانوونی یەکەمی 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) ڕایگەیاند: تەقینەوەیەک لەنێو مزگەوتی ئیمام عەلی بن ئەبی تاڵیب لە گەڕەکی وادی ئەلزەهەب لە شاری حمس ڕوویداوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تەقینەوەکە لە کاتێکدا بووە کە نوێژخوێنان سەرقاڵی ئەنجامدانی فەریزەی نوێژی هەینی بوون و دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی شوێنەکەیان داوە و لێکۆڵینەوەیان لەبارەی چۆنیەتی ڕووداوەکە دەست پێکردووە.
سەبارەت بە ژمارەی قوربانییەکان، ئامارەکان جیاوازن، لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوە باس لە گیانلەدەستدانی 3 هاووڵاتی و برینداربوونی 5ی دیکە دەکەن، ئاژانسی هەواڵی سکای نیوز لە زاری ڕوانگەی سوورییەوە بڵاوی کردەوە کە ژمارەی کوژراوەکان گەیشتووەتە 5 کەس و 17ی دیکەش برینداربوون.
هاوکات بەرپرسانی ناوخۆیی سووریا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەیان بەوە کردووە، گومان دەکرێت تەقینەوەکە لە ڕێگەی هێرشێکی خۆکوژی یان چاندنی بۆمبی چێنراوەوە ئەنجام درابێت، بەڵام تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان بە فەرمی جۆری تەقینەوەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
گەڕەکی وادی ئەلزەهەب کە ڕووداوەکەی تێدا تۆمار کراوە، یەکێکە لەو ناوچانەی شاری حمس کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە پەیڕەوانی مەزهەبی عەلەوین، ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە شارە جیاوازەکانی سووریا لە دوای ساڵانێکی زۆر لە جەنگ و ململانێ، هێشتا ماوە ماوە دەبنە ئامانجی کردەوەی توندوتیژی و تەقینەوە، ئەمەش وای کردووە بارودۆخی ئەمنی لە هەندێک ناوچەدا بە ناجێگیری بمێنێتەوە.
