ڕۆژنامەیەک: بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئامادەی ڕادەستکردنی چەکەکانیان نین

هاوتەریب لەگەڵ جووڵە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، دۆسیەی "هەوڵەکان بۆ چەککردنی گرووپە چەکدارەکان و هێشتنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا " بووەتە تەوەرێکی سەرەکی و هەستیاری گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتەکە. سەرەڕای ئەوەی ئەم دەستەواژەیە لە لایەن ناوەندە فەرمییەکانەوە وەک ئاماژەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان بەکاردێت، بەڵام هێشتا لێڵییەکی زۆر بەسەر میکانیزمی جێبەجێکردن و ماهییەتی بڕیارەکەوە دیارە.

هەینی، 26ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕۆژنامەی "العربي الجديد"، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە دا، زیاتر لە 70 گرووپ و دەستەی چەکدار لە عێراقدا بوونیان هەیە کە ژمارەی چەکدارەکانیان بە 215 هەزار ئەندام مەزەندە دەکرێت. هەرچەندە لە ساڵی 2019ـەوە پرۆسەی وەرگرتنی سەرباز لە نێو گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبیدا وەستێنراوە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع ئەم هێزانە خاوەنی سەربازگە و پێکهاتەی سەربەخۆن.

بە پێێ ڕۆژانامەکە لە پەرەسەندنێکی نوێدا، چەند گرووپێکی وەک (ئەنساوڕوڵڵا، ئەوفیا، کەتائیبی ئیمام عەلی، عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی سەیدولشوهەدا) پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕادەستکردنی چەک و هێشتنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا ڕاگەیاند. بەڵام شرۆڤەکاران ئەم هەڵوێستە وەک "مانۆڕێکی سیاسی" دەخوێننەوە، بەو پێیەی ئەم گرووپانە حەشدی شەعبی بە دامەزراوەیەکی فەرمیی دەوڵەت دەزانن و مەبەستیان لە "ڕادەستکردنی چەک"، گواستنەوەیەتی بۆ کۆگاکانی حەشد، نەک داماڵینی تەواوەتی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرووپەکانی وەک (کەتائیبی حزبوڵڵا و نوجەبا) بە ئاشکرا دژایەتیی خۆیان بۆ هەر جۆرە چەکدانانێک دەربڕیوە.

 

فشاری ئەمەریکا و هەڵوێستی نێودەوڵەتی

ئەم دۆسیەیە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی فشارەکانی واشنتن. مارک ساڤایا، نێردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق، بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە "بڵاویکردنەوەی ڕاگەیەنراوی نیازپاکی بەس نییە" و داوای "هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی پێکهاتەی گرووپەکان" دەکات.

هاوکات جۆ ویڵسۆن، کۆنگرێسمانی ئەمەریکا، ڕەخنەی توندی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق گرتووە بەهۆی سوپاسکردنی گرووپەکان، و ئەم هەنگاوەی بە مەترسی بۆ سەر سەربەخۆیی دادوەری وەسف کردووە.

 

سیناریۆکانی داهاتوو

توێژەران و چاودێرانی دۆخی عێراق ئاماژە بە سێ ئاڕاستەی جیاواز دەکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیە:

ڕادەستکردنی چەک بە حەشدی شەعبی: مەبەست لێی ڕادەستکردنی چەکی گرووپەکانە بە دەستەی حەشدی شەعبی.

داماڵین: کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە.

ڕێکخستنی یاسایی: دەرکردنی یاسای نوێ بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنانی چەک.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هێشتا متمانە لە نێوان گرووپەکان و حکوومەتدا لاوازە. سەرچاوەیەکی نزیک لە گرووپەکان بە مەرجی ناونەهێنان بە ڕۆژنامەی "العربي الجديد" ڕایگەیاندووە: "بەهۆی نەبوونی گرەنتی بەرانبەر هەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، ئەستەمە دەستبەرداری چەکەکانیان ببن".

چاودێران پێیان وایە ئێران ڕێگە بە لاوازبوونی بەرەی عێراق نادات، بە تایبەت دوای ئەو پاشەکشەیەی لە نفوزی "میحوەری موقاوەمە" لە سووریا و لوبنان دروست بووە، چونکە عێراق ئێستا وەک "هێڵی بەرگریی ستراتیژی" بۆ ئێران هەژمار دەکرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل