هەولێر و ڕیاز پەرە بە پەیوەندییە تەندروستییەکانیان دەدەن
لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی کەرتی تەندروستی و سوودوەرگرتن لە شارەزایی بیانی، هەولێری پایتەخت پێشوازی لە تیمێکی پزیشکیی شانشینی عەرەبیی سعوودییە کرد.
بە پێی زانیارییەکانی شەیما بایز، پەیامنێری کوردستان24، تیمێکی پزیشکیی سعوودییە، لە چوار پزیشکی پسپۆر و پێنج پەرستاری کارامە پێکهاتووە، لە سەنتەری کۆمەک و هاوکاری مرۆیی شا سەلمانەوە هاتووەتە هەولێر، ئەرکی سەرەکی ئەو تیمە بریتییە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی قەستەرەی دڵ بۆ 22 منداڵی هەرێمی کوردستان کە تەمەنیان لە خوار 12 ساڵەوەیە.
د. ناهل غادری، سەرۆکی پەیوەندییەکانی تیمە سعوودییەکە، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئێمە لە سەنتەرێکی پزیشکییەوە کە لە لایەن شا سەلمانەوە پشتیوانیی دەکرێت، هاتووینەتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هاوکاری منداڵان بکەین و چارەسەری نەخۆشییەکانیان بکەین.
جەختی لەوە کردەوە، لە هەرێمی کوردستان پێشوازییەکی گەرمییان لێ کراوە و، هەموو ستافی نەخۆشخانەکە زۆر هاوکار و هەماهەنگن لەگەڵ تیمەکە.
ئەم دەستپێشخەرییە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم دەبینرێت بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی سەرشانی هاووڵاتییان و دابینکردنی چارەسەری پزیشکیی پێشکەوتوو لە ناوخۆی هەرێمدا. هاوکات، پڕۆژەکە ڕەهەندێکی دیپلۆماسیی هەیە و ئاماژەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەولێر و ڕیاز، بە تایبەتی لە سێکتەری تەندروستی و مرۆییدا. هەروەها تیمە پزیشکییەکە تا 30ـی ئەم مانگە لە هەولێر دەمێنێتەوە.
لای خۆیەوە، سەفین حەمەغەریب، باوکی سۆڤینی تەمەن 5 ساڵان، گوتی: منداڵاکەم کێشەی دڵی هەیە و دڵی کونە، لە سلێمانییەوە هاتووینەتە هەولێر بۆ ئەوەی منداڵاکەم لە لایەن تیمە پزیشکییە سعوودییەکەوە چارەسەر بکرێت.
باسی لەوە کرد، زۆر گرنگە پاڵپشتی ئەم جۆرە تیمانە بکرێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێنە شارەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە زۆر شارەزانە و بێ بەرانبەر چارەسەر و نەشتەرگەری بۆ نەخۆشان ئەنجام دەدەن.
