کاندیدی پارتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئامادەیە

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەندامێکی سەرکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حیزبەکەی کاندیدی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئامادە کردووە.

ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدی سەرکەوتووی ئەو حزبە بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی، وەک بەشێک لە بەرکەوتەی هەڵبژاردن، کاندیدیان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ئامادەیە و لەلایەن مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە ناوی ڕادەگەیەنرێت.

سەبارەت بە پشکی لایەنە شیعەکانیش، جاف ئاماژەی بەوە کرد، شیعەکان تا ئێستا دوو کاندیدیان بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هەیە، ناوی کاندیدەکانیش بریتین لە ئەحمەد ئەسەدی و موحسین مەندەلاوی.

بەپێی نەریتی سیاسی لە عێراق، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە، جێگری یەکەم بۆ شیعە و جێگری دووەمیش بۆ کورد دیاریکراوە. پارتی دیموکراتی کوردستان بەهۆی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسیی کوردستانی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی بە مافی خۆی دەزانێت. پێشتریش شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی پارتی، ئەو پۆستەی بەدەستهێنابوو.

 

کاندیدی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان ئەمڕۆ شەممە، 27ی کانوونی یەکەمی 2025، کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدات.  سەرچاوەیەک لە چوارچێوەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکە کە بڕیار بوو ڕۆژی دووشەممە، 29ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت؛ بەهۆی نزیکبوونەوەی وادەی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان، بۆ ئەمڕۆ پێشخراوە. 

سەرچاوەکە گوتیشی، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ تایبەت نییە بە یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیران، بەڵکوو بۆ دیاریکردنی کاندیدی پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانە.

 

کۆبوونەوەی سوننەکان

لەلایەکی دیکەوە، بڕیارە هەر ئەمڕۆ شەممە، "ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی سوننەکان" کۆببێتەوە. 

فەیسەڵ عیساوی، سەرکردە لە هاوپەیمانی عەزم بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ دیاریکردنی کاندیدێکە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێش وادەی دانیشتنی خولى نوێ. 

بەگوێرەی قسەکانی ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانیی عەزم، سوننەکان هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن لەسەر کاندیدێک بگەنە ڕێککەوتن. بە پێچەوانەوە، بە دوو کاندیدەوە بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان دەکەن، ئەوانیش موسەنا سامەڕائی و محەممەد حەلبووسین. لەو حاڵەتەدا، هەر کاندیدێک لە پەرلەمان هەوڵی ڕازیکردنی زۆرترین لایەن دەدات بۆ مسۆگەرکردنی پۆستەکە.

 

نەریتی دابەشکردنی پۆستەکان

دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، لایەنە سیاسییەکان کەوتوونەتە گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان.  بەپێی نەریتی سیاسی لە عێراقدا، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننەکان، سەرۆک وەزیران بۆ شیعەکان و سەرۆک کۆمار بۆ کوردە. 

خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە کاتێکدا دەست بەکارەکانی دەکات، هێشتا لایەنەکان لەسەر دیاریکردنی کاندید بۆ پۆستە سەرەکییەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی. 

چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی شیعە و سوننە هەنگاوێکی گرنگ بێت بەرەو یەکلاکردنەوەی بەشێک لەو پۆستانە، بە تایبەت پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەمەش لە کاتێکدایە کێبڕکێی تووند لەناو ماڵی شیعە و سوننەدا بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستانە بوونی هەیە.

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل