ئیتاڵیا 7 کەسی بەتۆمەتی هاوکاری کردنی حەماس دەستگیر کرد

بزووتنەوەی حەماس
بزووتنەوەی حەماس

دەسەڵاتە ئەمنییەکانی ئیتاڵیا لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگری و ئەمنی، توانییان سێ گرووپە ئاشکرا بکەن کە لەژێر پەردەی کاری مرۆیی و کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ گەلی فەڵەستین، پشتیوانی داراییان بۆ بزووتنەوەی حەماس دابین دەکرد.

 لەم هەڵمەتەدا محەمەد حەنوون، سەرۆکی کۆمەڵەی فەڵەستینییەکان لە ئیتاڵیا لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دەستگیرکران کە دەستیان هەبووە لە بەلاڕێدابردنی هاوکارییە داراییەکان.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوە وردەکانی پۆلیسی ئیتاڵیا، ئەو سێ گرووپە بە فەرمی ڕایانگەیاندبوو کە پارە بۆ مەبەستی مرۆیی کۆدەکەنەوە، بەڵام دەرکەوتووە کە بەشێکی زۆری ئەو پارانە کە ڕێژەکەی زیاتر لە 71 لەسەد بووە، ڕاستەوخۆ بۆ بزووتنەوەی حەماس و دامەزراوەکانی سەر بەو بزووتنەوەیە نێردراوە. 

هەروەها بەشێک لەو پشتیوانییە داراییانە بۆ خێزانی ئەو کەسانە تەرخانکراوە کە تێوەگلاون لە ئەنجامدانی هێرشە تیرۆریستییەکاندا.

ماتیۆ پیانتیدۆسی، وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە، ئەم کارەی پۆلیسی بە ئۆپەراسیۆنێکی زۆر گرنگ و کاریگەر بوو، ئەو ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هەنگاوە بووە هۆی ئاشکراکردنی ئەو چالاکییە نایاساییانەی لە پشت دەمامکی دەستپێشخەرییە مرۆییەکانەوە بۆ پشتیوانیکردنی ڕێکخراوەکان ئەنجام دەدران.

لە ڕووی ستراتیژییەوە، دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا ڕوونیان کردەوە، ئەم سێ گرووپە بەشێکن لە پڕۆژەیەکی گەورەی حەماس، ئەم بزووتنەوەیە پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی لە شانە جیاوازەکان لە دەرەوەی وڵات دروست کردووە تا بتوانن لە ڕێگەیەوە هاوکارییەکان کۆبکەنەوە و بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانیان بەکاریبهێنن، بەڵام بەهۆی چاوکراوەیی هێزە ئەمنییەکانەوە ئەم پلانەیان سەرنەگرت و گرووپەکە هەڵوەشێندرایەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل