پەرلەمانی عێراق کارنامەی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ڕاگەیاند
ئەمڕۆ شەممە 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق کارنامەی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ڕاگەیاند.
پەرلەمانی عێراق، کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی دەکات، بەپێی کارنامەکەش، دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز، بڕگەی یەکەمی دانیشتنی پەرلەمان سوێندی ئەندامانی پەرلەمان دەبێت، بڕگەی دووەمیشی، هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگرەکەی دەبێت.
سەرۆک کۆماری عێراق لە مەرسومێکی کۆماریدا ڕۆژی 29ـی ئەم مانگەی وەک یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق دیاریی کردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی.
ئەم کۆبوونەوەیەی پەرلەمانی عێراق لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژی ڕابردوو شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، سەردانی بەغدای کرد و سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، لەگەڵ زیاتر لە 18 لایەنی سووننە و شیعە و لایەنەکانی دەرەوەی ئەوان و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق کۆبوونەوە.
لە تەواوی ئەو کۆبوونەوانە، شاندی پارتی دید و بۆچوونی لایەنەکانی سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق وەرگرت و بۆچوونەکانی پارتیشیان سەبارەت بە پێکهێنانی ئەو حکوومەتە، بە لایەنەکانی بەغدا گەیاند.
ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدی سەرکەوتووی ئەو حزبە بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی، وەک بەشێک لە بەرکەوتەی هەڵبژاردن، کاندیدیان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ئامادەیە و لەلایەن مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە ناوی ڕادەگەیەنرێت.
