پەرلەمانتارانی ئێران: سیاسەتی دراویی حکوومەت زەمینەخۆشکەری قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتییە

165 ئەندامی پەرلەمانی پەرلەمانی ئێران، بە ناردنی نامەیەک بۆ سەرۆکی سێ دەسەڵاتەکە، سیاسەتی دراویی حکوومەتیان بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان و لاوازبوونی بەهای دراوی نیشتمانی لە قەڵەم دا.

شەممە، 27 کانوونی یەکەم، 2025، ئاژانسی هەواڵی 'تەسنیم' لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کۆمەڵێک لە نوێنەرانی پەرلەمان، بە ناردنی نامەیەک بۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆمار، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی دراویی حکوومەت گرتووە.

نووسەرانی نامەکە، لایانوایە، سیاسەتی دراویی ئێستا کە نرخە فەرمییەکان بە بیانووی کەمکردنەوەی جیاوازی لەگەڵ بازاڕی ئازاد بەرز دەکاتەوە، بە کردەوە بووەتە هۆی دروستبوونی سووڕی وێرانکەری هەڵاوسان، دابەزینی بێئەندازەی بەهای تومەن و ڕێگریی لە هاتنە ناوەوەی نەختینەی دەرەکی.

لە نامەکەدا هاتووە "هەروەک ئاگەدارن لە ڕۆژان و هەفتەکانی ڕابردوودا بازاڕی نافەرمی و قاچاخی دراو، ڕووبەڕووی ناسەقامگیری و بەرزبوونەوەی بەرچاوی دراوە بیانییەکان و دابەزینی لە ڕادەبەدەری دراوی نیشتمانیی ئێران بووەتەوە؛ ئەمەش بەرەنجامی سیاسەت و پلانی هەڵەی بانکی ناوەندییە؛ ئەوەش  بووەتە هۆی هاتنی شەپۆلێکی نوێی بەرزبوونەوەی گشتیی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان کە لێکەوتەی ڕاستەوخۆ و بەرچاوی لەسەر دۆخی بژێویی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە داناوە و زەمینەخۆشکەرە بۆ سەرهەڵدانی ئاڵۆزیی جددیی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵات."

ئەو پەرلەمانتارانە، لە درێژەی نامەکەدا نووسیویانە "دۆخی ئێستای ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بەزۆری دەرەنجام و بەرهەمی هەڵاوسانی ڕوو لە زیادبوونە، نەک هۆکاری بنەڕەتی و سەرەتایی ئەو دیاردەیە." 

لە نامەی ئەو پەرلەمانتارانەدا هاتووە "ئەوەی کە دەگوترێت کورتهێنانی بودجە و نەختینە ڕیشەی سەرەکیی هەڵاوسانن و  بۆ ڕێگریی لەوە، دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان کەمتر لە ڕێژەی هەڵاوسان زیاد بکەین، سیاسەتێکی هەڵە و وێرانکەری بژێوییە و دەبێت چارەسەری ڕیشەیی و سەرەکیی هەڵاوسان، واتە ڕێگریی لە بەرزبوونەوەی هەڕەمەکی نرخی دراو بکەین و سیستەمی دراوی وڵات لەم دۆخە بێسەروبەرە ڕزگار بکەین."

هەر ئەمڕۆ، تۆڕی ڕاگەیاندنی بازاڕی دراوی ئێران، بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی بە 13 ملیۆن و 790 هەزار تومەن ڕاگەیاند. هەروا 100 یورۆ بە 16 ملیۆن و 233 هەزار تومەن ئاڵوگۆڕ کراوە و نرخی هەزار دیناری عێراقیش گەیشتووەتە 107 هەزار تومەن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل