تەرمی سوپاسالاری لیبیا و هاوەڵانی گەڕێندرانەوە تەرابلوس
تەرمی محەممەد حەداد، سوپاسالاری لیبیا و هاوەڵانی گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی تەرابلوس، ئەوەش دوای چوار ڕۆژ لە گیانلەدەستدانیان لە ڕووداوێکی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە لە تورکیا.
شەممە 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە کەشێکی ماتەمینیی فەرمیدا، تەرمی محەممەد حەداد، سوپاسالاری لیبیا و چوار لە هاوەڵانی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی تەرابلوسەوە گەڕێندرانەوە لیبیا.
پێش گەڕاندنەوەی تەرمەکان بۆ خاکی لیبیا، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە بنکەی ئاسمانیی میورتەد لە نزیک ئەنقەرە، سەرپەرشتیی ڕێوڕەسمێکی سەربازیی کرد بۆ ماڵئاواییکردن لە تەرمی قوربانییەکان، وەک ڕێزێک بۆ پێگەی سەربازیی دۆستە لیبییەکانیان.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، فڕۆکەیەکی جۆری «فاڵکۆن-50» کەمتر لە 40 خولەک دوای فڕینی لە ئەنقەرە، تێکشکا و بە هۆیەوە محەممەد حەداد، سوپاسالاری لیبیا و چوار لە یاوەرانی و سێ ئەندامی تیمی فڕۆکەوانییەکە گیانیان لەدەست دا.
پارچەکانی فڕۆکەکە لەسەر زەوییەکی کشتوکاڵیی دۆزرابوویەوە. دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕایانگەیاندبوو، فڕۆکەکە تووشی کێشەی کارەبایی بووە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەخوارەوەشی دەکرێت.
لای خۆیەوە عەبدولحەمید دەبیبە، سەرۆکی حکوومەتی یەکگرتوویی نیشتمانیی لیبیا، ئەمڕۆ جەختی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی حەداد، بەوپەڕی جددییەت و بەرپرسیارێتیی تەواوەوە بەردەوامن.
دەبیبە لە میانی ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن و ماتەمینی بۆ حەداد و یاوەرانی، جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتەکەی بە هاوکاری لەگەڵ تورکیا بەدواداچوون دەکات، تا ئەو کاتەی تەواوی وردەکارییەکان ڕوون دەبنەوە.
