وەزارەتی بەرگریی عێراق: سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بەهێز دەکەین
وەزارەتی بەرگریی عێراق، ڕایگەیاند، کاری لەپێشینەی وەزارەت بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی و پڕچەککردنی هێزی ئاسمانییە.
تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی 'واع'ـی ڕاگەیاند "گرنگترین گرێبەستەکان کە لە ماوەی ڕابردوودا واژۆ کراون و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتوودا وەربگیرێن، لە بواری هێزی ئاسمانی، فڕۆکەوانیی سوپا، بەرگریی ئاسمانی و بوارەکانی دیکەی دەریایی و زەمینیدان."
خەفاجی، ئاماژەی بەوەش کرد "کاری لەپێشینەی وەزارەت بۆ بەرگریی ئاسمانی و چەکە گرنگەکانی هێزی ئاسمانین، بۆ ئەم مەبەستەش، ڕاداری فەرەنسی زۆر پێشکەوتوومان کڕیوە بۆ دەستنیشانکردنی هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسمانی عێراق."
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگری گوتیشی: پێش کۆتایی ئەمساڵ، شەش هێلیکۆپتەری نوێی فەرەنسی جۆری 'کاراکال' مان پێ دەگات، کە ڕۆڵێکی گەورە و گرنگیان دەبێت لە پشتیوانیی هێزە ئەمنییەکاندا.
خەفاجی، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: گرێبەستیشمان بۆ کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی مامناوەند لەگەڵ کۆریای باشوور کردووە؛ ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی توانای بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەمان.
لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: حکوومەت، بەو پەڕی تواناوە لە هەوڵی بەهێز کردن و پڕچەککردنی هێزی ئاسمانی و بەرگریی ئاسمانیی وڵاتدایە بۆ بەرەنگار بوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتەکەمان لە ئێستا و داهاتوودا.
