شاندێکی پارتی بۆ دیاریکردنی کاندیدی جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەچێتە بەغدا
شاندێکی پارتی بۆ دیاریکردنی کاندیدی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆک فراکسیۆنەکەی دەچێتە بەغدا.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2025، شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بگاتە بەغدا.
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانەکەی شاندی پارتی بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی ئەو حیزبەیە بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، شاندە باڵاکەی پارتی سبەی دووشەممە، کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ، لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی خۆی لە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە. بەشێکی دیکەی سەردانەکەی شاندی پارتی بۆ بەغدا، تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەکان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق.
ئەم پرسە دوای ئەوە دێت هەڵبژاردنی گشتی لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجامدرا و لایەنەکان لە هەوڵی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقدان.
پەرلەمانی عێراق خۆی ئامادە دەکات بۆ یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی خۆی، کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبچێت. کارنامەی دانیشتنەکە سوێندخواردنی یاسایی ئەندامانی نوێ و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان (سەرۆک و دوو جێگرەکەی) لەخۆدەگرێت.
بەپێی نەریتی سیاسی لە عێراق، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی سوننە، جێگری یەکەم بۆ شیعە و جێگری دووەمیش بۆ کورد دیاری دەکرێت. تا ئێستا لایەنە سوننی و شیعییەکان لەسەر کاندیدی کۆتایی خۆیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیران نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن. پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت دەکاتەوە پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان مافی هەڵبژاردنی خۆیانە و کاندیدیان بۆ ئەو پۆستە ئامادەیە.
