ڕاستەوخۆیەکی کوردستان24، پارێزگای سلێمانی هێنایە سەر خەت

ساتی داخستنی پردی خەلیفاوە - ناوەندی سلێمانی
ساتی داخستنی پردی خەلیفاوە - ناوەندی سلێمانی

دوای ئەوەی کوردستان24 دیمەنی پردی گەڕەکی خەلیفاوەی سلێمانی بڵاوکردەوە و پەیامنێری سلێمانی باسی لە مەترسییەکان کرد، چەند کاتژمێرێک دواتر، جێگری پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبەر سەلامەتی هاووڵاتییان، بەشێوەی کاتی پردەکەیان داخستووە.

لەگەڵ ئەو شەپۆلە بارانە بەخووڕەی ناوەندی شاری سلێمانی گرتووەتەوە، پردێکی هاتوچۆ لە گەڕەکی خەلیفاوەی شارەکە، کە هەر بە ناوی گەڕەکەکەوە ناونراوە، بەهۆی ئاوی بەخووڕی بارانەوە زیانی پێگەیشتووە و مەترسی ڕووخانی لێدەکرا، لەمبارەوە هاوکارمان هاوژین جەمال پەیامنێری سلێمانی، کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی کانوونی یەکەمی 2025، لە نزیک پردەکە ڕاستەوخۆ لە شاشەی کوردستان24 باسی لە مەترسییەکانی سەر پردی خەلیفاوە و ماڵەکانی دەوروبەری کرد.

دوای چەند کاتژمێرێک شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی بە بڵاوکردنەوەی سێ وێنە لە پەڕەی تایبەت بەخۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، نووسی، سەردانی مەیدای پردی خەلیفاوایان کردووە و دواتر بە ڕاوێژ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەبەر سەلامەتی هاووڵاتییان بڕیاریاندا پردەکە بەشێوەی کاتی بەربەست بکەن، واتە لەبەردەم هاتوچۆ دایانخستووە.

هەروەها نووسیویەتی "ئەو ماڵانەی مەترسیان لەسە بەهۆی پردی خەلیفاوا، ئاگاداریان دەکەینەوە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و سبەی سەردانیان دەکەین خەمی شوێنی مانەوەیان بۆ ئەخۆین تا بەتەواوی گرفتی پردەکەو ئاوەڕۆی ئەو گەڕەکە چارەسەر دەکرێت".

 

 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل